بەرپرسی لقی 22ـی پارتی: تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەم كارێكی تیرۆریستی بوو
  2024-07-15       716       
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەرمیان

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەرمیان رایگه‌یاند، تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لە رێگەی بۆمبی چێنراوەوە بووە و پێشیوایە كە "كردەوەیەكی تیرۆریستی" بووە.

ئاوێنە: ئەکرەم ساڵح، لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم ماڵەكەیدا رایگه‌یاند، كاتێك هەوڵیداوە بەرەو دەوام بڕوات ئۆتۆمبێلەكەی تەقیوەتەوە، بەڵام پێش ئەوەی ئاگرەكە بگاتە ئەو لەگەڵ شۆفێرەكە و پاسەوانەكەشی رزگاریان بووە.

باسی لەوەشكرد، "ئەوەی روویداوە كردەوەیەكی تیرۆریستی بووە چونكە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە چاودێریم كراوە، ئۆتۆمبێلەكەم لە حەوشەی ماڵەكەم بووە و شۆفێرەكە هێناویەتە دەرەوە و نزیكەی چارەكێك لە دەرەوە بووە بەڵام هیچ رووداوێك رووینەداوە، بەڵام لەو كاتەی سواری ئۆتۆمبێلەكە بووم و جوڵاوە، تەقیوەتەوە".

به‌رپرسی لقی 22ی پارتی لەگەرمیان وتیشی، "پێموایە كە چاودێرییان كردووم و لە دوورەوە تەقاندوویانەتەوە، ئەگەرنا پێشتریش ئۆتۆمبێلەكە جوڵاوە بەڵام نەتەقیوەتەوە".

باسی له‌وه‌شكرد: "خۆم و شۆفێر و پاسەوانەكەم بە سووكی برینداربووين".

بەرپرسی لقی 22ی پارتی داواشی لە دامودەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە كرد، لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە بكەن چونكە ئەمنییەتی سنوورەكە بەرپرسیارێتی ئەوانە، وتیشی كە، "چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین دوای سەیركردنی كامێرای چاودێریی ناوچەكە بۆ ئەوەی بگەنە سەرەداوێك، پێموایە ئەگەر چەند چركەیەكی دیكە لەناو ئۆتۆمبێلەكە بووینایە و زوو دەرنەچووینایە ئەوا هەموومان دەسووتاین".

پێشیوایە، "كردەكە بە خەڵكی نەشارەزا ناكرێت و كردەوەیەكی گەورە بووە، بۆمبەكە لەبنی ئەو تایەدا بووە كە خۆی لە ئاستیدا دادەنیشێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×