پارتی بە 190 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دەکات
  2024-07-14       677       

پارتی دیموکراتی کوردستان بە 190 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دەکات‌و ئەگەر سبەی وادەی پێشکەشکردنی ناوی كاندیده‌كان درێژنەکرێتەوە پێشکەشی کۆمیسیۆنه‌ دەکات.

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، دوایین واده‌‌ بۆ وه‌رگرتنی لیستی كاندیدانی هاوپه‌یمانێتی‌و حزب‌و كاندیدانی سه‌ربه‌خۆو كاندیدانی پێكهاته‌كان كه‌ خواستی به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیان هه‌یه‌، سبه‌ینێ دوشه‌ممه‌یه‌.

میدیای‌ پارتی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی كاندیده‌كانی‌ ئامادەکردووەو ئەگەر سبەی وادەی پێشکەشکردنی ناوی كاندیدان درێژنەکرێتەوە پێشکەشی کۆمیسیۆن دەکرێت.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ تائێستا پارتی ناوی 190 كاندیدی ئامادەکردووە، ئەگەری چەند گۆڕانکارییەک لەبازنەی سلێمانی هەیەو تا سبەی سەرجەم گۆڕانکارییەکان تەواو دەکرێن.

میدیای‌ ئه‌و حیزبه‌ ڕونیكردۆته‌وه‌، لیستی ناوی 190 کەس ڕادەستی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی وەك كاندید پێشکەشی کۆمیسیۆن بکرێن. كاندیده‌كان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبون؛ سلێمانی 72 كاندید ، هەولێر 64 كاندید ، دهۆک 48 كاندیدو هەڵەبجە شەش كاندید.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×