دو ئه‌ندامی‌ لیژنەی ئاسایشی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق داوا ده‌كه‌ن سوپای‌ عێراق ڕێگریی له‌سنور به‌زاندنه‌كانی‌ توركیا بكات
  2024-07-14       251       
"پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراقدا پێشینەیەکی مەترسیدارەو پێویستە حکومەتی‌ عێراق هەڵوێستی‌ هەبێت"

دو ئه‌ندامی‌ لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق به‌پێویستی‌ ده‌زانن سوپای‌ عێراق بچێته‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ڕێگه‌ له‌سنور به‌زاندنه‌كانی‌ سوپای‌ توركیا بگرن.

ئاوێنه‌: عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی لەئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق رایگەیاند، "پێویستە رێککەوتنێک لەنێوان بەغدادو هەولێر هەبێت، کە رێگە بەهاتنەناوەوەی هێزی‌ فیدراڵی بدات بۆ پاراستنی سنورەکانی هەرێمی‌ کوردستان".

هاوكات جەواد یەساری‌، لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق ده‌ڵێت، پاراستنی خاکی عێراق پێویستی بەچونە ناوەوەی سوپای عێراق هەیە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ڕاگرتنی فراوانبونی له‌شكركێشییه‌كانی‌ سوپای تورکیا.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراقدا پێشینەیەکی مەترسیدارەو پێویستە حکومەتی‌ عێراق هەڵوێستی‌ هەبێت.

یەساری‌ جەختدەکاتەوە، پێویستە یەکە سەربازییەکان بچنە ناو هەرێمی کوردستانەوەو کاریگەریی خۆیان لەهەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی ڕێگریی لەپێشێلکارییەکانی تورکیا بکەن.

به‌گوێره‌ی‌ دوایین ڕاپۆرتی‌ تیمی کوردستانی رێکخراوی CPT ئه‌مه‌ریكی‌، لە 15ی 6ی 2024وه‌، سوپای تورکیا دەستیکردووه‌ بەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لەدەڤەری بەرواری باڵاو لەشەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامداوه‌.

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لەقوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان‌و لەدەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بەقوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. پێشترو لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی - هەورە بروسکەدا سوپاکە بەقوڵایی 7 کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو.

ڕێکخراوی CPT ده‌ڵێت، لەسەرەتای دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا 238 جار بۆردومان‌و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون. بەهۆی ئەم بۆردومان‌و هێرشانە، زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی‌و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لەگوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. 

سەرباری ئەوە، نزیکەی %55ی دارستان‌و ڕەزو باخی هاوڵاتیانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون. ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی 162 گوند لەهەرێمی کوردستان‌و زیاتر لە 602 گوندیش لەژێر مەترسی چۆڵبوندان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×