پزیشكیان هێرشدەكاتە سەر ڕۆژئاوا؛ "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ روسیا و چین بەهێز دەکەین"
  2024-07-14       253       

مەسعود پزیشكیان لە وتارێکی فەرمیدا دوای هەڵبژاردنەکان باسی لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی داهاتوی ئێران کردوە و سەبارەت بە پەیوەندی نێوان تاران و واشنتۆن نوسیویەتی، "دەبێت گوشارەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران نەمێنێت و لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندیە بەهێزەکەمان لەگەڵ ڕوسیا و چین بپارێزێن".

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری نوێی ئێران لەوتارێكدا کە لە ڕۆژنامەی (تاران تایمز) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندوە، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بزانێت کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز وەڵامی گوشارەکانی نەداوەتەوە، دەبێت فشارەكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران كۆتایبێت.

پزیشكیان، ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بەوە تۆمەتباركرد، کە پلانی ڕێگری لە بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی گرفت بۆ بەرنامە ئەتۆمیە ئاشتیانەكەی ئێران دروستبكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چەندینجار ڕایگەیاندوە، ئێران وەڵامی دڵنیاکەرەوەی بۆ پرسیارەکانی ئاژانسەکە سەبارەت بەو ماددە ئەتۆمییەی کە لە شوێنە ڕاگەیەندراوەکانیدا دۆزراوەتەوە، نەداوەتەوە.

پزیشکان وڵاتانی ئەوروپای بەوە تۆمەتبارکرد کە "ئەرکەکانیان" بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی جێبەجێ نەكردوە، بەڵام بە شێوەیەکی ناعەقڵانی چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ئێران تاکلایەنە هەمو ئەرکەکانی خۆی بە بەرامبەر JCPOA  جێبەجێ بکات.

پزیشکەکان لەگەڵ ڕەخنە لە ڕۆژئاوا، جەختیان لە نزیکیی ڕۆژهەڵات بەپێی سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردەوە.

پزیشكیان ئاماژەی بەوەداوە، "چین و ڕوسیا هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا دۆست و پشتیوانمان بون، ئێمە ئەم هاوڕێیەتییە زۆر بە نرخ دەزانین."

پزیشكیان سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین كە لەسەردەمی حەسەن روحانیدا واژۆكرا، باسی لەوەكردوە، نەخشەڕێگای 25 ساڵەی ئێران و چین هەنگاوێکی گرنگ بو بۆ دروستکردنی "هاوبەشییەکی ستراتیژی هەمەلایەنە" کە سودی بۆ هەردو وڵات هەبێت،  ئێمە ئامادەین هاوکارییەکی فراوانتر لەگەڵ پەکین دابنێین بۆ چونە ناو نەزمی نوێی جیهانی.

لەبارەی پەیوەندیە نزیكەكەی ئێران لەگەڵ مۆسکۆ، پزیشكیان جەختی لەوەكردەوە، "ڕوسیا هاوپەیمانێکی ستراتیجی و دراوسێیەكی بەنرخی ئێرانە و حکومەتەکەم پابەندە بە فراوانکردن و بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوانمان".

وتارەكەی پزیشكیان لە كاتێكدایە، پێش هەڵبژاردنەکان کەمال خەرازی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کاریگەریی هەڵبژاردنەکان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وتی: بەپێی ئەوەی کێ سەردەکەوێت، جیاوازی لە شێوازەكەدا دروست دەبێت، بەڵام ستراتیژی گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران جێگیرە و سەرکردایەتی دیاری دەكات، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە سیاسەتی دژە ئەمریکی و دژە ئیسرائیلی پەیڕەوکردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×