وەزیرى پلاندانانى عێراق: سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت
  2024-07-14       166       

وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، سەرژمێری گشتی دانیشتووانی وڵاتەکەمان و هەرێم لە وادەی دیاریکراوى خۆیدا ئەنجام دەدرێت، وتیشى، جەخت لە گرنگی دابینكردنی سەرجەم پێداویستییە تەكنیكی و لۆجستیكیەكان بۆ ڕاهێنانی توێژەران دەکەینەوە بە مەبەستى ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد، كە بریكارانی وەزارەتەکەى و سەرۆكی ئامار و جوگرافیا، ڕاوێژكاری سەرژمێری نیشتمانی و سەرۆكی كاری مەیدانی سەرژمێری و تەكنەلۆژیای زانیاری تیایدا بەشداربوون، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دواینن پێشهاتەكان لەبارەى سەرژمێری دانیشتووان كرا.

باس لەوەشکراوە، محەمەد عەلی تەمیم وتویەتى، سەرژمێری گشتی دانیشتووانی وڵاتەکەمان و هەرێم لە وادەی دیاریکراوى خۆیدا واتە لە ڕۆژى ٢٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزیرى پلاندانان وتیشى، جەخت لە گرنگی دابینكردنی سەرجەم پێداویستییە تەكنیكی و لۆجستیكیەكان بۆ ڕاهێنانی توێژەران دەکەینەوە بە مەبەستى ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى.

جێگەی ئاماژەیە، سەرژمێری ئەزموونی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ٣١ـی ئایاری ئەمساڵ دەستی پێكرد و ڕۆژی ١٣ حوزەیران كۆتایی هات، هەروەها بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی ئەنجام بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×