بەرپرسێكی بەرەی تورکمانی ڕێككه‌وتنی‌ نێوان پارتی‌‌و توركمان‌و عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كات
  2024-07-13       928       

قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی ڕێككه‌وتنێكی‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوی‌ نێوان پارتی‌‌ دیموكرتی‌ كوردستان‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌‌و عه‌ره‌به‌كانی‌ كه‌ركوك ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت، ئەگەر یەکێتی پێداگری لەسەر پڕۆژەکەی خۆی بکات، ئەوان ئیداره‌ی‌ خۆجێی‌ كه‌ركوك بەبێ یەکێتی پێکدەهێنن.

ئاوێنه‌: قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی به‌میدیاكانی‌ پارتی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، "یەک کۆ نیوەمان هەیەو ئومێدمان وایە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بێتە پاڵمان. کەرکوک تایبەتمەندیی هەیە، رێککەوتنەکە نیمچە فەرمییەو واژۆ نەکراوە. مانگێکمان ماوە، لەئەگەری رازینەبونی یەکێتی بۆ هاتنە پاڵ کوتلەکە، بەدڵنیاییەوە ئەو کوتلە سیاسییە دەتوانێ حکومەتەکە پێکبهێنێت." 
 
ڕۆژی 18ی 12ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبونی زیاتر لەحه‌وت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، هێشتا لایەنە براوه‌كان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ڕێکنەکەوتون.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی‌و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

له‌ئێستادا دوو پڕۆژە بۆ دروستکردنی ئیدارەی پارێزگا هەیه‌؛ یەکەم یەکێتی پێی رازییە ئەوەش پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بەدو ساڵ بێت لەنێوان کوردو عەرەب. پرۆژەی دووەمیش پۆستەکان لەنێوان هەر سێ نەتەوە سەرەکییەکە دەستاو دەستی پێبکرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری چه‌ند جارێك لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب‌و تورکمان کۆبۆته‌وە، بەڵام لایەنەکان لەسەر دیاریكردنی‌ كاندیدێك بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕێکنەکەوتون‌و کۆبونەوەکان بێ ئەنجامبون.

وه‌ك دوا ده‌رفه‌ت، سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوه‌ی‌ مانگێكی‌ به‌پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركوك داوه‌ تا له‌سه‌ر پۆستی‌ پارێزگارو پۆسته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ پارێزگاكه‌ ڕێكبكه‌ون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×