وەزیری ناوخۆی هەرێم دەڵێت: هەلی كار لە هەرێمی كوردستان یەكجار زۆرە
  2024-07-13       241       

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، هەلی كار هەرێمی كوردستان "یەكجار زۆرە"و لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە "باشترە". دەشڵێت، "ئێمە ساڵانە نزیکەی 100 هەزار ڤیزا بە دەستی کاری بیانی دەدەین، بۆیە هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەرێمی کوردستان هەلی کار نییە"

ئاوێنە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە رێوڕەسمی دەرچونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە؛ لەوتەیەكدا وتی"سەرەڕای هەمو ئەو قەیرانانەی ڕوبەڕومان بونەوە، بەڵام هیچ کات درێغیمان نەکردوە لە پشتیوانی هیچ پرۆژەیەک، بە پرۆژەی داراییشەوە کە پاڵپشت بێت بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنیان."

بەقسەی وەزیری ناوخۆی هەرێم هەوڵ هەن لە هەرێمی كوردستان بۆ "نائومێدكردنی گەنجان" و "دەبێت ئێوە زیرەکانەو هۆشیارانەتر ڕوبەڕوی ئەو هەوڵانە ببنەوە."

رێبەر ئەحمەد وتیشی"ڕاستە کەموکوڕی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت خۆتان ڕادەستی ئەو شەپۆلانە بکەن کە دەیانەوێت کوردستانتان لا ناشرین بکەن."

لەبارەی هەلی كارو سەقامگیریی لە هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆ وتی"سەقامگیری، هەلی کار و دەرفەتی پێشکەوتن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە زۆر لە شارەكانی وڵاتانی ناوچەکە باشترە." 

وتیشی"ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 100 هەزار ڤیزا بە دەستی کاری بیانی دەدەین، بۆیە هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی بڵێین لە هەرێمی کوردستان هەلی کار نییە". 

بەقسەی وەزیری ناوخۆی هەرێم"هەلی کار لە هەرێمی کوردستان یەکجار زۆرە، تەنیا دەمێنێتەوە ئێوە چۆن خۆتان دەیاندۆزنەوە و خۆتان بسەلمێنن و ئاییندەیەکی گەشتر بۆ خۆتان فەراهام بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×