ئەردۆغان دەڵێت: گەمارۆی سەر ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبێت
  2024-07-13       454       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، تا دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لە نێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت و گەمارۆی سەر کایەی ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبێت. 

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە دوای سەردانەکەی بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و بەشداریکردنی لە لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە كاتی گەڕانەوەی لە نێو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان قسەی كرد.

ئەردۆغان لەبارەی دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، ڕایگەیاند: "وەزیری دەرەوە هاکان فیدان سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە بۆ گفتوگۆکردنی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر. بە پێی ئەوە هەنگاو دەنێین."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەردۆغان باسی لە "پەیوندی نێوان پەكەكە و سلێمانی" كردو وتی"لە عێراق بارگرژیی لە نێوان ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی هەولێر بەردەوامە. کاتێک سەردانی هەولێرمان کرد باسمان کرد. تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لە نێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، ئەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت. گەمارۆی سەر کایەی ئاسمانی بەردەوام دەبێت."

ئەردۆغان وتوشیەتی"ئێمە پێمانوتن، ئەگەر لە لایەنی سلێمانی هەندێک هەنگاو بگرنەبەر هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستمان دەکەین. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×