فراكسیۆنی یەكێتی: توركیا دەیەوێت بەقوڵایی 40 كیلۆمەتر پشتینەی ئەمنی دورست بكات
  2024-07-11       292       

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، توركیا بەنیاز به‌ قوڵایی 40 كیلۆمه‌تر پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌ناو خاكی هه‌رێم دروست ده‌كات و ئەو كارەش بە "مەترسییەكی گەورە" ناودەبات و دەڵێت، پێویستە رێگری جددی لێبكرێت.

ئاوێنە: هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای‌ رەسمی حزبەكەی وت"توركیا به‌نیازه‌ به‌ قوڵایی 40 كیلۆمه‌تر پشتێنه‌ی ئه‌منی له‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان دروستبكات".

وتیشی‌: "ئه‌و كاره‌ی‌ سوپای‌ توركیا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و پێویسته‌ رێگری جددی لێبكرێت."

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕو "زۆربەی‌ راوێژكاران و شرۆڤه‌كاران وایده‌بینن كه‌ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ بۆ ده‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ ناوخۆی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیایه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌."

بەقسەی هەرێم كەمال ئاغا "زیاتر له‌ 500 گوندی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ توشی‌ ماڵوێرانی‌ و راگواستن له‌سه‌ر ماڵ‌ و موڵك و گوند و دێهاته‌كانی‌ خۆیان ده‌بن."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی پێشی وایە كە "ده‌بێت په‌كه‌كه‌ گوێ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگرێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌به‌رچاو بگرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×