مەسرور بارزانی: لەگەڵ ئەعرەجی جەختمان لە هەماهەنگی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنورییەكان كردەوە
  2024-07-11       162       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە كۆبونەوەی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جەحتیان لە هەماهەنگی نێوان هەولێرو بەغدا كردۆتەوە بۆ پاراستی ئاسایش و سەقامگیرلای ناوچە سنورییەكان.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق، خستۆتەڕو.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتویەتی"بیروڕامان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخى ئه‌منيى عێراق بەگشتی ئاڵوگۆڕ کردو جەختمان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆرو پاراستنی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچە سنورییەکان کردەوە."

بەقسەی مەسرور بارزانی لەكۆبونەوەكەدا لەبارەی رێككەوتنی شنگال-یش گفتوگۆیان كردوەو وتویەتی"هاوڕابوین لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە."

قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی وەفدێكی ئەمنی گەیشتە هەولێر بۆ ئاگاداربون لە دۆخی ئەو ناوچانەی هەرێم كە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجام دەدات.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق، ئەنجومەنەكە لە كۆبونەوەی دوێنێیدا جەختیكردۆتەوە لەسەر رەتكردنەوەی لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عێراق و هەروەها سەرۆك وەزیران سودانی لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریدا بە ناردنی وەفدێك بۆ هەرێمی كوردستان لەپێناو ئاگاداربون لە دۆخەكەو گەیشتن بە هەڵوێستێكی یەكگرتو لەبارەی بابەتی لەشكركێشی توركیا كە "دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق."


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×