یاریدەدەرى هونەریی پارێزگاى کەرکوک ئاشکرایکرد؛ ڕاکان سەعید جبورى پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت لەپۆستەکەى خانەنشیندەکرێت، ده‌شڵێت:"ڕاکان جبورى لەیەکى تەمموزەوە ڕەوانەى خانەنشینى کراوە بەهۆى ئەوەى تەمەنى گەیشتوەتە تەمەنى یاسایی بۆ خانەنشینبون".
عەلى حەمادى یاریدەدەرى هونەریی پارێزگاى کەرکوک بەمیدیا عێراقییەکانى وتوه؛ ڕاکان جبورى لەیەکى تەمموزەوە ڕەوانەى خانەنشینى کراوە بەهۆى ئەوەى تەمەنى گەیشتوەتە تەمەنى یاسایی بۆ خانەنشینبون، بەگوێره‌ى یاساش، ئه‌و وه‌ك یاریدەدەرى هونەریی پارێزگاى کەرکوک، کاروبارى پارێزگاکە بەڕێوەدەبات تا کەسێک بۆ وەرگرتنى ئەو پۆستە دیاریدەکرێت.
ده‌شڵێت:"لەئێستادا بۆ کاروبارى خانەنشینبونى جبورى لەگەڵ بەغدا هەماهەنگى دەکەین‌و چاوەڕێی وەڵامى ئەوانین، لەکاتى نائامادەیی پارێزگاریشدا هەر خۆى (یاریدەدەرى هونەریی پارێزگاى کەرکوک) کاروبارەکان بەڕێوەدەبات".
بڕیاروایه ئەمڕۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەبەشدارى تەواوى لایەنەکان‌و محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڕێوەبچێت، کۆبونەوەکە کاتژمێر یه‌كى پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات‌و تێیدا هیچ پۆستێک یەکلایی ناکرێتەوەو تەنها شەرعیەت بەئەنجومەنەکە دەدەرێت.
ڕێبوار ته‌ها سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیش له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك وتویه‌تى، "ئه‌گه‌رچى ئه‌مڕۆ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام هیچ ڕێكه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا نه‌كراوه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان، به‌ڵام ئێمه به‌باشى ده‌زانین كه ده‌نگى زۆرینه‌مان به‌ده‌ستهێناوه وه‌كو یه‌كێتى، پۆستى پارێزگار به‌ئێمه بدرێت".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه حەسەن شێخانى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەئەنجومەنى پارێزگاکە ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، تائێستا لەگەڵ یەکێتى نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک‌و یه‌كێتیش هیچ کاندیدێکیان هەڵنەبژاردوە، لەکاتێکدا بەگوێره‌ى ئەو کۆبونەوەیەى لەدەباشان کردویانه، دەبوو یه‌كێتى کاندیدیان ئامادەبێت.