حەمەی حەمەسەعید: ئێران دەتوانێت هاوکار و پشتیوانی عێراق و هەرێم بێت
  2024-07-11       176       


حەمەی حەمەسەعید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم (له‌ پشكی یه‌كێتی) له‌میانی بەشداریكردنی لە مەراسیمی ساڵیادی دامەزراندنی قەرارگای ڕەمەزان، رایگه‌یاند، ئێران دەتوانێت وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان، ئەوهەنگاوەش لە جمهوری ئیسلامی ئێران چاوەڕێ دەکەن.  

شاندێكی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لە مەراسیمی ساڵیادی دامەزراندنی قەرارگای ڕەمەزان سه‌ردانی تارانی كرد، بەمەبەستی ڕێزگرتن لەخەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەو هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان و عێراق و فەرماندەکانی قەرارگای ڕەمەزان.

حەمەی حەمەسەعید وتاری یه‌كێتی له‌مه‌راسیمه‌كه‌ خوێنده‌وه‌ و بەگەڕانەوە بۆ مێژوی 40 ساڵ لەمەوبەر، باسی لە ڕۆڵی ئێران بۆ پشتیوانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی عێراق و کوردستان و بەتایبەت هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هەرلەوتارەکەدا حەمەی حەمەسەعید تیشکی خستە سەر مێژوی خەبات و تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە و یەکێی لەمێژوی هاوچەرخ و نوێدا و پشتیوانی بۆ خەڵکی ئێران دژی ڕژێمی پەهلەوی و محەمەد ڕەزاشای ئێران و قوربانیدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دژی دیکتاتۆری و ستەمی ڕژێمی بەعس، هەر ئەوەش وایکرد، لە 1ی (حوزەیران/6)ی 1975 دەزگای سیخوڕی ڕژێمی شا، کە بە(ساواک )ناسرابو، کەوتە گرتنی چالاکان و پێشمەرگە و شۆڕشگێڕەکانی  یەکێتی، چەندین شۆڕشگێڕ لەلایەن ئەو دەزگا سیخوڕەوە گیران و تەسلیم بە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کران و سەرجەمیان لەسێدارەدران.

حەمەی حەمەسەعید وتیشی، "ڕێز لە پشتیوانی و هاوکاری جمهوری ئیسلامی ئێران دەگرین بۆ کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆش کەلێرە کۆبوینەتەوە نیشانەی ئەو پشتیوانی و پێکەوە خەباتکردنەیە دژی دیکتاتۆری، ڕۆڵی قەرارگای ڕەمەزان لەڕابردو ئێستاش جێی پێزانینە، لەڕوبەڕوبونەوەی هێزی پێشمەرگە دژی تیرۆرستانی داعش بەهەمان ڕۆحیەتی پشتیوانی جاران، قەرارگای ڕەمەران پشتیوانمان بوە".

وتیشی، "لەو ڕۆژگارەدا نەبون یان کەم بون ئەو سەرکردانەی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ گەلی ئێران  و شۆڕشەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەش تەنها مام جەلال بو، ئەوەش دەرخەری مێژوی دورو درێژی یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێرانە".

حەمەی حەمەسەعید ئاماژەی بەڕۆڵی وڵاتی ئێران کرد، کە "دەتوانێت وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان،  ئەوهەنگاوەش لە جمهوری ئیسلامی ئێران چاوەڕێ دەکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×