سەركردەیەكی سوننە: پێدەچێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت
  2024-07-10       393       

سەرکردەیەکی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک دەڵێت، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگار ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیەو پێدەچێت پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەبی سوننە بێت.

ئاوێنە: ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە دانیشتنی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیار لەسەر هیچ پۆستێک نادرێت و هێشتا ڕێککەوتن ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان کورد و عەرەب."

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بە پێی یاسای هەڵبژاردنیش دەبێت لە ماوەی مانگێکدا ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدرێت.

ئیسماعیل حەدیدی وتی"ڕەنگە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتە یەکێتی و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەب و پۆستی جێگری پارێزگاریش بۆ تورکمان بێت، عەرەب ڕازی دەبێت چونکە پۆستەکە ئیستحقاقی یەکێتییە، بەڵام ئەمە تەنیا لێکتێگەیشتنەو نەبوەتە ڕێککەوتن."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنیا کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، راکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد، بە پێی یاسا ناوبراو سەرپەرشتی کۆبونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات بەو پێیەی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکەیە.

حەسەن مەجید، سەرۆکی کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەنەکە، هەرچەندە دانیشتنەکە هیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت بەڵام فاتیحایەکی خەیرە، تا بتوانرێت لەماوەی مانگێکدا چارەنوسی پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن یەکلایی بکرێتەوە."

حەسەن مەجید وتی،"پێشنیار زۆرە، بەڵام پێموانییە لایەنەکان گەیشتبنە سیغەیەک بۆ ڕێککەوتن، هەرچەندە لێکتێگەیشتن هەیە."

چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکەی سبەینێ پێنجشەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەکراوەیی بهێڵرێتەوە، تا لە ماوەی مانگێکداو بەپێی یاسای هەڵبژاردن پێکهاتەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ڕێکدەکەون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×