نێچیرڤان بارزانی و سەرۆككۆماری نوێی ئێران پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
  2024-07-10       197       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشكیان كرد بەبۆنەی هەڵبژادنییەوە بە سەرۆككۆماری ئێران و دەڵێت: سه‌ركردايه‌تيكردنی ئێران لەلایەن پزیشكیان-ەوە دەبێتە  هۆى قوڵكردنه‌وه‌ى دۆستايه‌تيى نێوان ئەو وڵاتەو هەرێمی كوردستان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنييه‌وه‌ به‌ سه‌رۆك كۆماری نوێی ئێران، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا پيرۆزبايى له‌ مه‌سعود پزيشكيان كرد و "هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌‌ ئه‌رك و به‌پرسياريه‌تييه‌كه‌ياندا بۆ خواست."

بەپێی راگەیەندراوەكە، نێچیرڤان بارزانی "ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستان و گه‌له‌كه‌ى دوپات كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديى دۆستانه‌ی له‌مێژينه‌و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ هه‌مو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و دراوسێيه‌تيى باش كه‌ ببێته‌ هۆكارى به‌ره‌وپێشچونى هه‌ردو گه‌ل و وڵات."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆكی هەرێم "دڵنيايى ده‌ربڕى له‌وه‌ى كه‌ سه‌ركردايه‌تيى سه‌رۆك پزيشكيان ده‌بێته‌ هۆى قوڵكردنه‌وه‌ى دۆستايه‌تيى هه‌ردولا و وه‌ك له‌ دوا ديداردا له‌گه‌ڵ جه‌نابى ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامی و به‌رپرسانى باڵاى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، په‌رۆشيى هه‌رێمى كوردستانى نيشان دا بۆ هاريكاريى هاوبه‌ش له‌پێناو داهاتويه‌كى باشتر بۆ هه‌ردو وڵات، هه‌روه‌ها بۆ ئاشتى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا."

بەپێی راگەیەندراوەكە لای خۆیەوە مه‌سعود پزيشكيان، سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى كۆمارى ئيسلاميى ئێران، جه‌ختى له‌ خواستى كۆمارى ئيسلاميى ئێران بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ "په‌يوه‌نديى دۆستانه‌و دێرينى گه‌لانى ئێران و كۆمارى ئيسلامى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كرد."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×