بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندییەوە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو مانگرتنیان راگەیاند
  2024-07-09       291       


بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە فرۆشتنی راستەوخۆی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکاندا کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو مانگرتنیان راگەیاند.

لیژنەی هەماهەنگیی خۆپێشاندانەکانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بەغداد و پارێزگاکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی سووربوونی بانکی ناوەندی بە فرۆشتنی دۆلار راستەوخۆ بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانەوە، بڕیارماندا لە رۆژی چوارشەممەوە تا کاتێکی نادیار مانگرتن لە کارەکانمان رابگەیەنین.

بەپێی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی تەنها حەوت کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو راسپێدراون بە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران کە چواریان لە فڕۆکەخانەکانن، ئەمەش توڕەیی کۆمپانیاکانی دیکەی لێکەوتووەتەوە.

خاوەنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو پێیان وایە لە دیاریکردنی ئەو کۆمپانیایانە زوڵمیان لێکراوە و قۆرخکاریی تێدایە، لەهەمان کاتدا بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلاری بەرامبەر بە دیناری عێراقی لێکەوتووەتەوە.

زیا تائی نوێنەری کۆمپانیاکانی دراو بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، بەهۆی مانگرتنی کۆمپانیاکانەوە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی یەک دۆلار بە هەزار و 600 دیناری عێراقی دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×