هیومان رایتس ۆوچ لەسەر تەقەكردن لە كۆڵبەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دێتە دەنگ
  2024-07-08       172       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، كوشتن و تەقەكردن لە كۆڵبەران لە سنورەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە، ئامڕازێكی دیكەی ئەو دەوڵەتەیە بۆ سەركەوتكردنی كۆمەڵگەی كوردی پەراوێزخراو لە ئێران. دەشڵێت، دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران هەلی كار لە ناوچە سنورییەكان زیاد بكەن و هەروەها رێگە بە هێزە ئەمنییەكان نەدەن تەقە لە كۆڵبەران بكەن و ئەو هێزانەشی تەقە دەكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت.

ئاوێنە: رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرزی رێژەی بێكاری و هەژاری هۆكارن بۆ ئەوەی لەناوچە سنورییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق كە زۆربەیان كوردن، پەنابەرنە بەر كاری كۆڵبەری.

رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەكارهێنانی ئامڕازی تەقەكردن لە كۆڵبەران لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە، رێگەیەكی دیكە بۆ سەركەوتكردنی كۆمەڵگەی كوردی پەراوێزخراو لە ئێران لە روی كۆمەڵایەتی و ئابورییە.

جەختیشی كردۆتەوە كە دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران هەلی كارو پەرەپێدانی ئابوریی جێگیر لە ناوچە سنورییەكان زیاد بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچانە ناچار نەبن بۆ بژێوی ژیانیان رو لە كۆڵبەری بكەن.

هیومان رایتس ۆوچ، بەپشتبەستن بە ئامارێكی ئاژانسی كوردپا، وتویەتی، لەماوەی 21ی مارسی 2023 تاوەكو 21ی مارسی 2024 لانیكەم 44 كۆڵبەر كوژراون و 463ی دیكەش برینداربن كە هێزە ئەمنییەكانی ئێران بەرپرسیاری زیاتر لە لەسەدا 80ی ئەو كوشتنانەن.

هەروەها وتوشیەتی، لە ساڵی 2011 تاوەكو 2021، لانیكەم دو هەزارو 463 كۆڵبەر لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و برینداربون.

رێكخراوەكە داواشی كردوە كە نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ بەدواداچونی راستییەكان و هەروەها بڕیاردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، چاودێری مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ كۆڵبەران بكەن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئێران لەبری ئەوەی هێزی كوشندە لەدژی كۆڵبەران بەكاربهێنێت، دەبێت بەكارهێنانی ئەو هێزە لەدژیان سنوردار بكات و گەرەنتی مافەكانیان بكات لە دەستڕاگەیشتن بە رێكارە یاساییەكان و هەروەها لێپێچینەوەی لەو هێزانەی كە هێرشدەكەنە لەسەر كۆڵبەران.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×