چاودێرێکى سیاسیی: ئەنجامی هاتنی سوپاى توركیا هەرچی بێت پارتی لێی بەرپرسیارە
  2024-07-07       307       

چاودێرى سیاسیی ڕایدەگەیەنێت، رۆژ دوای رۆژ هاتنی هێزی توركیا بۆ باشوری كوردستان روو لەزیادبوونە، لەگەڵ هەر ژمارەی بنکە و هێزەکانیان زیاد دەكەن، دەشڵێت، ئەنجامی هاتنی سوپاى توركیا هەرچی بێت پارتی لێی بەرپرسیارە.

سەرتیپ جەوهەر چاودێرى سیاسیی لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە نوسینێکدا لەبارەى هێرشەکانى تورکیا بۆسەر باشورى کوردستان ڕایگەیاند: رۆژ دوای رۆژ هاتنی هێزی تورك بۆ باشوری كوردستان روو لەزیادبوونە، لەگەڵ هەر ژمارەی بنکە و هێزەکانیان زیاد دەكەن و بەشێك لەو هێزانە دەمینێنەوە. هاوكات رووبەری داگیركاریی بەدرێژایی سنوری هەرێمی كوردستان لەگەڵ باكور زیاد دەكات. دوێنێش هێزێكی زۆری تورك گەیشتنە ناوچەی برادۆست و خۆیان لەچەند ناوچەیەكی نوێ‌ جێگیركرد.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەپێی زانیاریی نافەرمى، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، سەدان زرێپۆش و جۆرەها چەكی جیاواز و سەدان جەندرمەی دیكە هێنراونەتە باشوری كوردستان، بەشێك لە هێزەكانیش لەڕێگەى فرۆكەی بارهەڵگری شینۆك دەگوێزرێنەوە ناوچە سەختەكان.

باسى لەوەشکردووە، تائێستا ژمارەی جەندرمەی توركیا لە باشوری كوردستان ئاشكرا نییە، بەڵام ئەوەی باسی لێوەدەكرێت زیاتر لە ١٢٠ و سەربازگە و بنكەی ئاشكرا و نهێنی تورك لە باشوری كوردستان هەیە، زۆربەی هەرە زۆریان دەكەوێتە سنوری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك.

وتوشیەتى، ئەم داگیركارییەی توركیا تەنها داگیركردنی خاك نییە، بەڵكو هەوڵدانە بۆ دروستكردنی گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمى كوردستان كە بڕیارە دوای سێ‌ مانگی دیکە ئەنجام بدرێت.

ڕاشى گەیاندووە، هەموو جموجۆڵ و هێرشەکانى توركیا لەماوەی ٣٠ ساڵی رابردوو لە ناوچەكانی نفوزی پارتی بووە، كە بە زۆنی زەرد ناسراوە.

لە کۆتایدا وتویەتى، راستیەكەی هاتنی تورك و ئاڵۆزبوونی ئەم بارودۆخە، راستەوخۆ پەیوەندی بەململانێی توندی نێوان ناوخۆی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندی حزبیەوە هەیە، بەتایبەتیش پارتی كە هاوپەیمانی سەرەكی توركیا بووە، ئێستاش دۆخەكە بەجۆرێك ئاڵۆز بووە بە پارتی چارەسەر ناكرێت، ئەنجام و نەتیجەكەیشی هەرچی بێت هەر پارتی لێی بەرپرس دەبێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×