تورکیا بەبیانوى بەرەنگاربونەوەی پەکەکە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400 لەسەر سنورەکان جێگیردەکات
  2024-07-02       322       

تورکیا بەبیانوى بەرەنگاربونەوەی پارتى كرێكارانى كوردستان (پەکەکە)، توركیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400 لەسەر سنورەکانی عێراق جێگیردەکات.

به‌گوێره‌ى میدیاکانی تورکیا، دوای زیاتر لەپێنج ساڵ لەکڕینی لەڕوسیاو لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوینە دژ بەگەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)، توركیا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی لەسەر سنورەکانی عێراق جێگیردەکات، چاودێرانیش پێیانوایە ئەو هەنگاوە لەترسی موشەکە بالیستیکییەکانی ئێرانە.

پێگەی "دیفێنس نیوز"ی تایبەتمەند بەهەواڵە سەربازییەکان بەپشتبەستن بەڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە تورکییەکان ئاشکرایکردوە، تورکیا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەگەڕخستنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S-400 لەسەر سنورەکانی عێراق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی هێزەکانی تورکیا لەهەڕەشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هێزەکانی سەر بەپەکەکە، بەوپێیەی پەکەکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەووتۆی بەدەستهێناوە کە مەترسیی لەسەر پێگەکانی هێزەکانی تورکیا لەناوچەکەدا دروستدەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەرکی سەرەکیی سیستەمی S-400 بریتییە لەبەرەنگاربونەوەی هەڕەشە ئاست بەرزەکانی وەک فڕۆکەی جەنگیی‌و موشەکی کروزو موشەکی بالیستیک کە هاوشێوەی هێرشە موشەکییەکانی ئەمدواییەی ئێران دژی ئیسرائیل.

میدیا نێودەوڵەتییەکانیش لەزاری شرۆڤەکارانەوە ڕایانگەیاندوە، هۆکاری سەرەکیی جێگیرکردنی سیستەمی ئێس-400ی تورکیا لەسەر سنورەکانی لەگەڵ عێراق، بۆ خۆپاراستنییەتی لەهەڕەشە موشەکییە گریمانییەکانی ئێران.

ئەوەش هاتوە، هەرچەندە بەرگرییە ئاسمانییەکانی دیکەی تورکیا توانای بەرەنگاربونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکانی پەکەکەیان هەیە، بەڵام تورکیا پێویستی بەسیستەمێکی پێشکەوتوو هەیە بۆ ڕێگریکردن لەموشەکەکانی بالیستی کە لەئێرانەوە هەڵدەدرێن.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هێرشە موشەکییەکانی ئەمدواییەی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل، دەکرێت پاساوێکی لۆژیکی بێت بۆئەوەی تورکیا ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە پێشکەوتوە لەسنورەکانی ڕۆژهەڵاتی جێگیربکات.

دەشڵێت:"تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ، میوانداریی چەندین بنکەی سەربازیی ناتۆ دەکات، لەوانە لەئینچه‌رلیک کە بنکەیەکی ئاسمانیی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گروپە بەوەکالەتەکانی ئێران".

بەشێک لەشرۆڤەکارانیش دەڵێن، تورکیا هەڕەشەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی پەکەکە تەنها دەکاتە بیانوو بۆ جێگیرکردنی سیستەمی ئێس 400 بۆ خۆپاراستن لەهەڕەشەی موشەکی بالیستیکی ئێران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×