به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم: داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم له‌ داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی عێراق زیاتره‌
  2024-07-02       327       

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، داهاتی گشتی گومرگەکان له‌ هەرێم مانگانە 120 بۆ 140 ملیار دینارە، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ داهاتی مانگانه‌ی گومرگی له‌ هه‌رێم زۆر زیاتر بێت له‌ داهاتی ئه‌و 26 خاڵه‌ گومرگییه‌ی له‌ ناوچه‌كانی عێراق هه‌یه‌.

ساماڵ عەبدولڕەحمان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: بەپێی یاسای گومرگی بەهیچ جۆرێک رێگە نادرێت بۆ دانانی بازگه‌ی گومرگی لەنێوان شارەکان بۆ وردبینی و چاودێریکردنەوەی گومرگی ئەوە تەنها لە خاڵە سنورییە فەرمییەکان دەکرێت، یا چەند کیلۆمەترێک لە دوری خاڵە سنورییە فەرمیەکە نەک لەنێوان شارەکان.

باسی له‌وه‌شكرد، هەر رێگرییەک دروست ببێت لەسەر بازرگانی کاریگەری دەبێت لەسەر عێراقیش هەرێمی کوردستان و نرخی کاڵا و هاووڵاتیان، جگەولەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی بازرگانی نەک بە تەنها لە هەرێم بەڵکو لەسەراسەری عێراق.

ئه‌وه‌ش خسته‌ڕوو: سیاسەتی ئابووری بەمجۆرە سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر ئەوان بەمجۆرە مامەڵە بکەن چونکە ئەوە چارەسەر نیە ئەگەر ئەوان بیانەوێت بەمجۆرە مامەڵە بکەن و رزگار دەبن لەوپاشاگەردانی و ژمارە زۆرەی بازگە و خاڵی پشکنینەکان.

"هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی گومرگی و حەوت دەروازەی گومرگی گرنگی هەیە لەناوچەکە، بەڕاستی دانانی ئەو خاڵی پشکنینانەی عێراق لەنزیک خاڵە فەرمیە گومرگییەکانی هەرێم رەوتی بازرگانی تێکدەدات، ئەو بەرنامەش تێکدەدات کە عێراق چیتر پشت بە کەرتی نەوت نەبەستێت"، ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان وای وت.

ئه‌وه‌شی وت، "حکومەتی هەرێم وەک باوەڕبوونی بە چارەسەرکردنی گرفتەکان بە زمانی گفتوگۆ بۆیە بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای داوە لەسەر ئاستی باڵا بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پێشهاتە نوێییە، چونکە لە دانانی ئەو خاڵانەی پشکنین نە بە ئێمە وتراوە پێشتر نەئاگادار کراوینەتەوە".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم وتیشی: "هیچ ئاماژەیەک نیە، هیچ باسیش لەوەنەکراوە کە عێراق بێتە دەروازە سنوورییەکانی ئێمە، بەڵام هەر خۆی دانانی ئەو خاڵە پشکنینانە جیاکردنەوەی هەرێمە لە عێراق، لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە بازگەی گومرگی لەناوەڕاستی شارەکاندا دابنرێت، ئەمە بەڕاستی بارگرانی دروست دەکات لەسەر بواری بازرگانی و بازرگانەکانمان بەتایبەت لەنێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی ناوەڕاست و خواروو".

ده‌شڵێت: "ئێستا لە جیهاندا لە بواری بازرگانیش کار بە مەبدەئی کات دەکرێت، ئەوان بیانەوێ بەدانانی دوو خاڵی پشکنین ببنە جێگرەوەی چوار خاڵی فەرمی گومرگی و حەوت دەروازەی بازرگانی و دوو فڕۆکەخانە ئەمە وادەکات قەرەباڵعی زۆر دروست بێت، دەبێت بازرگانان بۆ هێنانی کەلوپەلەکانیان ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن و بێزارییان بکەن ئەوکاتەش بەهیچ قەرەبوو ناکرێتەوە دەیخاتەوە سەر بارەکە".

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان باسی له‌وه‌شكردووه‌، حکومەتی عێراق هیچ تێبینی یا گلەیی لەسەر داهاتی گومرگەکان و رادەستکردنی ئەو بڕەی بەپێیی رێککەوتن نیە، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دوایی لە 50%ی وەک ئەوەی داوایان کردووە لەداهاتی گومرگ و باج دەچێتەوە بۆ حکومەتی عێراقی، حکومەتی هەرێم پابەندە بەڕێککەوتنەکان، خۆشیان هاتوون وردبینیان لە هەموو شتەکان کردووە و گلەییان نەبووە.

راشیگه‌یاند، داهاتی گشتی گومرگەکانی هەرێم مانگانە بەگشتی لە 120-140 ملیار دینارە.

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ی گومرگی هه‌رێم وتی: "من لێرەوە موخاتەبەی حکومەتی عێراقی دەکەم، بەڕاستی سیاسەتی ئابووری وڵات بەبێ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت، هەوڵدان بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی داهات چەندە زیان لە هەرێم دەدات دوو ئەوەندە زیان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەدات، بەداخەوە عێراق زۆر بڕیار دەردەکات ئێمە بەشدار پێناکات بۆیە جێبەجێناکرێت، خۆ ئەگەر جێبەجێش بکرێت ئەوا زوو هەڵدەوەشێتەوە".

وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی گومرگی هه‌رێم باسی لێوه‌ ده‌كات، دانانی ئەو خاڵانەی پشکنین لەنزیک گومرگەکانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جۆرێکە لەبیانووی سیاسی، له‌و باره‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ر ده‌دوێت و ده‌ڵێت، "ئەگەرنا گومرگەکانی کوردستان زۆر شەفافن و بەسیستمی (ئەتمەتە)کاردەکەین، ئەو تاقیگەیانەی لە گومرگەکاندا هەن لە شوێنی تر نین، هەر حکومەتی عێراق کەخۆیان هاتوون بۆ خاڵە گومرگییەکانی هەرێم بۆ بەدواداچوون سەرییان سوڕماوە لەو رێوشوێنانەی لە گومرگەکان پیادە دەکرێن، باشترین بەڵگەش ئەوەیە داهاتی چوار خاڵە گومرگیەی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لە داهاتی 26 خاڵی گومرگی بەشێکی تری عێراق".

ده‌شڵێت: "بۆیە ناتوانم بڕوا بەوە بکەم کە ئەمە بیانوو نیە بە هەرێمی دەگرن تەنها بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی زیاتری خۆیانە بەسەر هەرێمدا بۆئەوەیە وای پیشان بدەن کە هەرێمی کوردستان پاشاگەردانیە، هەر ئەو خاڵە پشکنینانەی دەیانەوێت لەنزیک خاڵە گومرگییەکانی هەرێم داینێن بیبەن لە نزیک(ئوم قەسر) داینێن، شەش ئەوەندە داهات زیاد دەکات".

له‌بارەی ئەو پرسیارەی کە دەوترێت وەزیری دارایی یا وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان هیچ داهاتێکی رادەستی بەغدا نەکردووە پاش چیککردنی حسابەکەیان؟ بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتی: "بەهیچ جۆرێک وانیە ئەوە هەندێک کەسە کە دێتە سەر تەلەفزیۆن ئەو قسە زبرانە دەکەن، هیچ راگەیەنراوێکی فەرمی حکومەتی عێراقی نیە وابڵێت، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان مانگانە بەپێی رێککەوتنێکی پێشوەختە لە مانگی یەکەوە نیوەی داهاتی گومرگ و باج دەدەینە بەغدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×