حکومەتی هەرێم: هیچ پەنابەرێکی سوری نەگەڕێنراوەتەوە وڵاتەكەی خۆی
  2024-07-01       230       

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، زیاتر لە 250 پەنابەری سوری لە هەرێمی كوردستانن و حكومەتی هەرێم هیچ پەنابەرێكی لەوانە نەگەڕاندۆتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی. دەشڵێت، پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی سوری رانەگیراوە.

ئاوێنە: دیناری زێباری، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتیلە ماوەی رابردودا بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵ و ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەنابەرانی سوری دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان، "ئەم هەواڵە دورە لە راستی و بێ بنەمایە."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتویەتی"حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سوری نەگەڕاندوەتەوە بۆ زێدی خۆی و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 250 هەزار پەنابەری سوری لە هەرێمی کوردستانن، ئەمانە تۆمارکراون لەهەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و UNHCR."

سەبارەت بە پێدانی مافی نیشتەجێبون و ڤیزاش بە کرێکارانی بیانی بە گشتی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند"حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی سوری رانەگرتوە، بەڵکو ئەوانەی کە سپۆنسەریان دیارەو پێویستیان بە ڤیزا هەیە بەپێی داواکاری شوێنی کارکردنیان، ڤیزایان پێ دەدرێت بە مەرجێک خۆیان تۆمار بکەن لە فەرمانگەی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەلایەکی دیکەوە بڕیاری ژمارە (172) لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ڕێنمایی ژمارە (8)ی ساڵی 2022دەرچوە و لیژنەیەکی باڵاش لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، بەپێی ئەم بڕیارە ڕێژە و میکانیزمی کارکردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانی لە پڕۆژەکاندا دیاریکراوە،  هەر کرێکارێکی بیانی کە دەیەوێت ئیقامەی کار لە هەرێم بەدەست بهێنێت، پێویستە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ  وەربگرێت و گرێبەستی کار و بیمەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەبێت، لەم روەوە ئاسانکاری کراوە لە دەستکەوتنی هەلی کار بەپێی مەرجەکان."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەم ڕێکارانە بەهیچ شێوەیەک پەنابەران ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ڕێگەی فەرمییەوە لە فڕۆکەخانەکان و لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانەوە دوای وەرگرتنی ڤیزا هاتونەتە هەرێم."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×