رونكردنەوەی وەزارەتی شارەوانی هەرێم لەبارەی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست
  2024-07-01       173       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، پابەندن بە رێكارو یاساو رێنماییەكانەوە بۆ بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و هەر سەرنجێكیشیان هەبوبێت "لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی گرێبەست بوە."

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پابەندە بە ڕێكار و یاسا و ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست."

وتوشیەتی"ئەوەی لەڕوی یاسا و ڕێكارەكانەوە لەسەر وەزارەتمان بوبێت كاری پێویستیان لەسەر كراوە و لە داهاتوشدا لە چوارچێوەی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین بەو بابەتەوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەگەر هەر سەرنجێکیشمان هەبوبێت، ئەوا لەبەر بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەست بوە و لەبەر ئەوە بوە کە زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارن کە ژمارەیان لە 14 هەزار فەرمانبەر زیاترە و ویستراوە کە باشترین وردەکاری تێدا بکرێت و مافی هیچ فەرمانبەرێکی گرێبەست پێشێل نەکرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئاڵۆزییەک لە دانانی گرێبەستەکان هەبوە و بەشێکی فەرمانبەرە گرێبەستەکان بە ناونیشانێک گرێبەستیان بۆ کراوە کە گونجاو نییە لە ئاست ئەو بڕوانامەیەی هەیانە، کە ڕای ئێمە ئەوەیە دەبێت بەو ناونیشانە بەهەمیشەیی بکرێن کە هاوشانی بڕوانامەکانیانە، نەوەک بە ناونیشانێک کە لەگەڵ خوێندن و لێهاتویی و لێوەشاوەیی و بڕوانامەی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزانە یەکناگرێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×