بافڵ تاڵەبانی: هەوڵێكی زۆرمان داوە تا ئەم هەڵبژاردنە دوربێت لە ساختەكاری و یاریكردن بە دەنگی خەڵك
  2024-07-01       229       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، هەوڵەكانمان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و دوانەخستنیەتی بە بیانوی جیاواز و هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە دوربێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە دەنگی خەڵک. لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكیش دەڵێت، پەرۆشین بۆ زاڵبون بەسەر کێشەکان و دیاریکردنی پارێزگارێک کە ببێتە مایەی قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە دەباشان پێشوازی لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کردو پیرۆزبایی دەستبەکاربون لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێیەکەی، پشتیوانیی یەکێتیشی بۆ سەرخستنی کارەکانی دوپاتکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەكەدا "دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ تاوتوێکران، جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و هەوڵی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بەئامانجی خزمەتکردنی خەڵک و بونیادنانی داهاتویەکی سەقامگیرتر، رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاونیشتمانییان بەتایبەت لاوان و هاندانیان لە بوارە جیاوازەکاندا."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکیتری دیدارەکە بو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "هەوڵەکانمان بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و دوانەخستنییەتی بەبیانوی جیاواز، هەرێمەکەمان پێویستی بە هەڵبژاردنێکی بێگەردە تاوەکو ببێتە مایەی گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکان."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی وتیشی"هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم هەڵبژاردنە دوربێت لە ساختەکاری و یاریکردن بە دەنگی خەڵکەوە، بۆیە چاوەڕوانیی زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و لەوە زیاتر سەنگی هەرێمەکەمان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە."

لەبارەی کەرکوک و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان، بەپێی راگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا"ئێمە وەک لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکە پەرۆشین بۆ زاڵبون بەسەر کێشەکان و دیاریکردنی پارێزگارێک کە ببێتە مایەی قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی بەبێ جیاوازی. بۆ ئەمەش لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین و هیوادارین لەزوترین کاتدا بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی و لەخزمەت کەرکوکییە خۆشەویستەکاندا بین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×