ئەو ژنەی لەلایەن براکەیەوە سووتێنرا؛ گیانی لەدەستدا
  2024-06-30       225       

پاش مانەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە، ئەو ژنەی لەلایەن براکەیەوە ئەشکەنجەدرا و دواتر ئاگری تێبەردرابوو، گیانی لەدەستدا.

هەفتەی ڕابردوو، لە پارێزگای دهۆک ژنێک لەلایەن براکەیەوە ئەشکەنجەدرا و پاشان سووتێنرا، ئەمڕۆ پاش مانەوەی بۆ چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەوە گیانی لەدەستدا.

کوفان نووری تاهیر، کە تەمەنی ٣٥ ساڵە و دایکی سێ منداڵ بوو، نیشتەجێی گەڕەکی مالتای ناوەندی پارێزگای دهۆک بوو، لە نێو ماڵەکەیدا لەلایەن براکەیەوە پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر سووتێندرا.

کوفان، کە ٨٠٪ـی جەستەی سووتابوو، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاووییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ئەشکەنجەدان و سووتاندنی ئەو ژنە لەلایەن براکەیەوە، ئێوارەی ٢٦ـی ئەم مانگە ڕوویدا، پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، تۆمەتبارێک لە خوشکەکەی خۆیداوە و دواتر ئاگری تێبەرداوە و ڕایکردووە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە شارەدێی چەمانکێ لە سنووری ئامێدی دەستگیریان کرد.

جێی ئاماژە پێکردنە، لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا لە ڕووداوێکی هەمان شێوەدا لە شاری سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی ئاڤان جەزا، لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەسووتێنرێت و بەهۆیەوە خۆی و کۆرپەلەکەی کە دووگیانبووە گیان لەدەستدەدەن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەمە ٣٠یەم حاڵەتی کوشتن، ناچار بەخۆکوشتن و یاخود گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×