فراکسیۆنی‌ یەکێتیی‌: پێویستە حكومەتی هەرێم بەهەماهەنگی حكومەتی فیدراڵ رێگریی له‌ئۆپراسیۆنەکانی‌ تورکیا بكه‌ن
  2024-06-29       279       


فراکسیۆنی‌ یەکێتیی‌ نیشتمانیی‌ کوردستان لەپەرلەمانی‌ عێراق راگەیەندراوێکی‌ لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی‌ تورکیا لەخاکی‌ هەرێمی‌ کوردستان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، "پێویستە حكومەتی هەرێمی‌ کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێگریی بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە".

ئاوێنه‌: فراکسیۆنی‌ یەکێتی‌ لەراگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی‌ بەوەکردووە، چەند رۆژێكە ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەكە زەرەر و زیانێكی زۆر گەیشتووە بە باغ و رەزی هاونیشتمانییانی‌ ناوچەكە، هەروەها بووەتە مایەی بێزاركردنی هاونیشتمانییانی‌ ناوچەكە.

روونیشکراوەتەوە، "ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین، ئەم پێشێلكارییانەی سەرخاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عێراق شەرمەزار دەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیان دەخاتە ژێر مەترسی، هەروەها پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە".

لە بەشێکی‌ دیکەی‌ راگەیەندراوەکەی‌ یەکێتیدا باس لەوەکراوە،  پێویستە حكومەتی هەرێمی‌ کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە، بێدەنگی حكومەتی عێراق و بە هەمانشێوە حكومەتی هەرێمی‌ کوردستان لەهەمبەر ئۆپراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا، كە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و یاسا و رێسا نێودەڵەتیەكانە، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عێراق و بەهەمان شێوە هەرێمی كوردستان لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتیانی خۆی بەتایبەتی.

راشگەیەندراوە، بەرادەوامی ئەم پێشێلكارییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و وڵامی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بداتەوە، بۆیە داواكارن حكومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی‌ کوردستان  رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە كە ئامانج لێی تەنیا تێكدانی ئارامی وڵات و پێشێلكردنی سەروەری عێراقە.

یەکێتیی‌ نیشتمانیی‌ کوردستان ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، لە هەمانكاتدا داواكارن  قەربووی كەس و كاری شەهیدەكان و زەرەر و زیانی هاەنیشتمانییان بكرێتەوە، هەروەها لە ماوەی رابردوودا وەكو فراكسیۆنی یەكێتی ئەم داوایەیان ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان.

پێشتر کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی‌ لەراپۆرتێکدا ئاشکراکردبوو، "لەماوەی 10 رۆژی رابردوداو لەرێگەی ئەو رێگا سەربازییانەی تورکیا لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بنیادی ناون، 300 تانک و زرێپۆشی سوپای تورکیا داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ بوون".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×