فراكسیۆنی پارتی: پارێزگاری كەركوك خانەنشین دەبێت پێویستە ئەنجومەن كۆببێتەوەو پارێزگارێكی نوێ دابنێت
  2024-06-29       243       

حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، جۆرێک لە کۆدەنگی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەین و تێیدا شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی جێبەجێ بکات چونکە پارێزگار خانەنشین دەبێت و پێویستە پارێزگارێکی نوێ دابنرێت.

ئاوێنە: حەسەن شێخانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وت"جۆرێک لە کۆدەنگی و رێککەوتن لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەین و تێیدا شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ڕاستە ئێستا ئێمە کاری خۆمان دەکەین و رێگریی زۆریشمان لە بڕیارەکانی پارێزگار کردوە کە دژی کورد بون، بەڵام ئەگەر شەرعیەتمان پێ بدرێت ئەوکات باشتر دەتوانین کاری خۆمان بکەین، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بتوانین لەو ماوەیەدا کۆبونەوە ئەنجام بدەین و شەرعیەت بە ئەنجومەن بدرێت".

حەسەن شێخانی وتیشی: "لە ئێستادا بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوکیش کە کوردە، خانەنشین بوە و جێگرەکەی عەرەبە لە شوێنی ئەو دانراوە، بۆیە پێویستە کوردێک شوێنی ئەو بگرێتەوە، چونکە ئەو پۆستە پشکی کوردە و نابێت بدرێت بە لایەنێکی دیکە و پێویستە کوردێک ئەو پۆستە وەربگرێت".

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەوەشی خستەڕو "پێویستە بەم زوانە کۆبونەوە ئەنجام بدەین، چونکە پارێزگاریش خانەنشین دەکرێت و پێویستە پارێزگارێکی نوێ لە شوێنی ئەو دابنرێت، بۆیە ئەگەر ئێمە شەرعیەتمان پێ درا و کۆبونەوەمان ئەنجام دا، پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێین، لەبەرئەوە پەلەمانە ئەو کۆبونەوەیە بکرێت و کۆتایی بەو گرفتە بێت و ئەنجومەن دەست بە کارەکانی خۆی بکات."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×