پەرلەمانتارێكی یەكێتی: لە هەرێم شتێك نەماوە بەناوی پڕۆسەی سیاسی
  2024-06-28       234       

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە لە هەرێمی كوردستان شتێك نەماوە بەناوی پڕۆسەی سیاسی و دەشڵێت، خەڵکی کوردستان ماندوی دەستی قەیرانی موچە و کێشە ناوخۆییەکانن، واباشە بانگەشەی هەڵبژاردن کەشێک نەخوڵقێنێ هێندەی تر خەڵک بێزار بکات، بەپێچەوانەوە هەوڵبدەن خەڵک ئاشت بکەنەوە.

ئاوێنە: كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێكدا وتویەتی"دواکەوتنی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، پێگە و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیان لاوازکرد."

وتوشیەتی"شتێک نەماوە بەناوی پرۆسەی سیاسی، نە پەرلەمان هەیەو نە دەستپێشخەری و جوڵەی سیاسی هەیە."

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە "هەڵبژاردن؛ دەرفەتی بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و گەڕاندنەوەی هێزی پێگەی هەرێمی کوردستان و دەرفەتێکیشە بۆ ئەزمونی دیموکراسی، بەو مەرجەی لایەنەکان بە گوتاری نیشتمانی و دور لە تەشەنوجی سیاسی و زمانی زبڕ و توندوتیژی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرێوەبچێ."

جەختیشی كردۆتەوە كە "هەرێمی کوردستان پێویستە هەڵبژاردن و خولی شەشەمی پەرلەمان بکاتە وێستگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەگژاچونەوەی فەسادی ئیداری و بنیادنانی دامەزراوەیی نیشتمانی کە نیمانە تائێستا."

هەروەها وتوشیەتی"خەڵکی کوردستان ماندوی دەستی قەیرانی موچەو کێشە ناوخۆییەکانن، بۆیە واباشە بانگەشەی هەڵبژاردن و کەشی پێش بانگەشە و تای هەڵبژاردن کەشێک نەخوڵقێنێ هێندەی تر خەڵک بێزار بکات و بەپێچەوانەوە هەوڵبدەن خەڵک ئاشت بکەنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×