دادگای سلێمانی بڕیاریدا به‌ زیندانیكردنی هه‌تا هه‌تایی بۆ بكوژی خواناس وریا
  2024-06-25       694       


دادگای سلێمانی ئه‌مڕۆ بڕیاریدا به‌ زیندانیكردنی هه‌تا هه‌تایی بۆ بكوژی خواناس وریا، ئه‌و گه‌نجه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كوژرا، باوكی خواناس ده‌ڵێت، "ده‌مانه‌وێت چیتر خواناسه‌كان نه‌بنه‌ قوربانی و هه‌مو دۆسیه‌كان له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن".

پارێزه‌ری دۆسیه‌ی خواناس وریا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دادگا بڕیاری كۆتایی ده‌ركرد و تۆمه‌تباری سزادا به‌ زیندانیكردنی بۆ هه‌تا هه‌تایی به‌پێی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر ژماره‌ (3)ی ساڵی 2006ی هه‌رێمی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وه‌كو پارێزه‌رانی دۆسیه‌كه‌ بڕیارده‌ده‌ن ئایا تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بده‌ن یاخود نا، "دادگا وای بۆچوه‌ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بیروڕاوه‌ هه‌بوه‌".

هاوكات وریا گلی، باوكی خواناس له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "پاش ساڵێك چاوه‌ڕوانیمان دادگا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی دۆسیه‌كه‌ ده‌ركرد، كه‌ به‌تاوانی تیرۆر زیندانی هه‌تا هه‌تایی بۆ ده‌ركردوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ تانه‌ی لێده‌ده‌ین و ده‌بو سزای قورستر بدرێت، چونكه‌ بكوژ هانده‌ر و هاوكاری هه‌بوه‌ له‌ تاوانه‌كه‌دا". 

باوكی خواناس داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات كێشه‌كانیان له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و چیتر خواناسه‌كان نه‌بنه‌ قوربانی، چونكه‌ "گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌ وه‌كو خواناس بێنازن و بێده‌رامه‌تن".

رۆژی 22ی (حوزەیران/6)ی ساڵی 2023 لە نێو بازاڕی چەمچەماڵ چەکدارێکی ماتۆڕسوار خواناس وریای تەمەن 22ی ساڵی بە دەستڕێژی گولـلە کوشت، بکوژی ئەو گەنجە ئه‌وكات باسی له‌وه‌كردبو، "خواناس بێ ڕێزی بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام کردوە، بەڵام کەسوکارەکەی ئەو وتانەی ره‌تكرده‌وه‌".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×