محەمەدی حاجی مەحمود: سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، هەڵبژاردنی هەرێمی دواخست
  2024-06-20       747       

محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەڵێت، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بۆ تاران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست كە بڕیاربو رۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

ئاوێنە: محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمریكای وت"بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 10/06 دواخست."

وتشی"وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن و بەغداو کۆمسیۆنیش سوربون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بەڵام کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بو کە لە بەغداوە هەڵبژاردن دواخرا و کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردن وەستاندی."

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان وتوشیەتی"من پێم وایە هەم هەرێمی کوردستان و هەم ئێرانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە پێوستییان بەیەکترە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەداوە كە "ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت وجودی نییە و سەروەری نییە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×