ئاری هەرسین: بەخۆشحاڵییەوە ئێستا پارتی لە باشترین كاتی پەیوەندییەكانیدایە لەگەڵ ئێران
  2024-06-20       362       

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی رایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە ئێستا پارتی لە باشترین كاتی پەیوەندییەكانیدایە لەگەڵ ئێران. ئاری هەرسین پەكەكە بە "بەڵای ناگەهان" بۆ هەرێمی كوردستان ناودەبات و دەڵێت، دەبێت پەكەكە واز لە هەرێمی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بهێنێت.

ئاوێنە: ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان حزبەكەی و كۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگی ئەمریكا وتوە"هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێران زۆر پێویستە بۆ ئێران لە ڕوی ئابوری و ئەمنی و هەتا لە ڕوی فەرهەنگییەوە."

ئاری هەرسین وتوشیەتی"ئێران مافی خۆیەتی كە بە ئێمە دەڵێت، نابێت بەشێک بن لەو موئامەرەیەی لەسەر ئەمنیەتی ئێران دەکرێت. حەقە ئێران ماف بە ئێمەش بدات پێییان بڵێین، ئێران نابێت بهێڵێت هێزێکی وەکو پەکەکە کە ڕێککەوتنی تایبەتی هەیە لەگەڵ ئێران، خۆی بە عەنتەر بزانێت لە هەرێمی کوردستان و خەڵک نەتوانێت بچێت پیاسەیەک بە قەندیل و پشدەر و شارباژێردا بکات لەبەرئەوەی برادەرانی پەکەکە لەوێ حاکمن."

بەقسەی ئاری هەرسین "ئەمەریکا پشتی کورد ناگرێت لە سوریا بەڵکو ئیشی بە وەرەقەی کوردە لە سوریا، دوای ئەوەی کە ئیشی بە کوردی سوریا نەما شەقێکی تێهەڵدەدا."

هەروەها وتوشیەتی"ئێمە تەڵاقی سیاسیمان ناکەوێ ئەگەر لێرەوە هەستین بچین بۆ تاران دانوستان لەگەڵ ئێران بکەین، تەڵاقی سیاسیشمان ناکەوێ ئەگەر بچینە ئەنقەرە یاخود لە هەولێر پێشوازی لە ئەردۆغان بکەین."

بەرپرسی لقی چواری پارتی پاساو بە توركیا دەهێنێتەوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەوبارەیەوە وتویەتی"تورکیا بەڕونی وتویەتی، بنکەو بارەگای پەکەکە لە شارەزور، پشدەر، شارباژێڕ هەیە، مەعقول نییە ئێوە دوژمنی ئێمە داڵدە بدەن، بۆیە لەبری ئەوەی تورکیا بێت سەنتەری شاری سلێمانی بۆردومان بکات، هاتوە ڕێگە لەفڕۆکەی خۆی و ئاسمانی خۆی دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و گەمارۆی لەسەر داناوە."

وتوشیەتی"ئەم پەکەکەیە دەبێت واز لە هەرێمی کوردستان و یەکێتی-ش بهێنێ، ئێمە خۆمان بە هەزار حاڵ لەناو خۆماندا مەرحەبایی یەکتر دەکەین ئێستا ئەم بەڵای ناگەهانەشمان بۆ هاتوە."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وتویەتی"لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی بە نیازبون بەهۆی هەڵبژاردنەوە بەرامبەر ئێمەی بکەن، هەڵوێستە مەبدەئیەکەی ئێمە وایکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران حساب بۆ ڕەئی ئێمە بکات، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە هەم بۆ ئێمەو هەم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە ئێستا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە خۆشحاڵیەوە لە باشترین کاتی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، ئینشائەڵا هەرواش دەمێنێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×