پارێزگاری هەولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
  2024-06-20       182       

نوسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگه‌یاند، پلانی لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌ بۆ رۆژانی جه‌ژن به‌سه‌ركه‌وتویی جێبه‌جێ كراوه‌ و لە ڕۆژانی جەژن 54 تاوان تۆمارکراوە، 51 تاوان ئاشکراکراوە و یه‌ك تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

نوسینگەی پارێزگاری هەولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابو، پلانەکە وەک خۆی و بە سەرکەوتوی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕوداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر:
یەکەم/ گەشتوگوزار:
پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتوی جێبەجێکران، لەوانە دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گروپە و گەشتیاران و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردوە بریتی بو 117 هه‌زار و 421 گه‌شتیار.
دوەم/ ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکراوە و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانیان لە ئەرک دابوونە.
سێیەم/ پۆلیس:
سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەمو بەش و هۆبەکان لەڕۆژان جەژن، لەئامادەباشی تەواودابونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابو، وەکو خۆی و بە سەرکەوتوی جێبەجێکراوە، لە ڕۆژانی جەژن 54 تاوان تۆمارکراوە، 51 تاوان ئاشکراکراوە، (1) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.  
چوارەم/ هاتوچۆ:
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەک خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەماوەی ڕۆژانی جەژن (3) ڕوداوی هاتوچۆ ڕویداوە و تەنها زیانی مادی لێکەوتوه‌تەوە. 
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابون، لەوماویەشدا (29) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبوە، کە 22 حاڵەتیان سوتانی پوش و پاوان بوە و حاڵەتەکانی تریش 3 ئۆتۆمبێل و 3 خانو و 1 دوکان بوە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ تەندروستى:
لەڕۆژانی جەژن تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ئەرک دابونە، 3263 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردوە، 154 منداڵ لە هەردو ڕەگەز لە دایکبونە و 222 نەشتەرگەرى گەورە و بچوک ئەنجامدراوە.
حەوتەم/ شارەوانی:
سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا 1090 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.
هەشتەم/ کوشتارگە
لەماوەی چوار ڕۆژی جەژن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر 269 ئاژەڵی گەورە و (759) ئاژەڵی بچوک کراوەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان (53 هەزار و 800 کیلۆگرام) بونە و ئاژەڵە بچوکەکانیش (17 هەزار و 457 کیلۆگرام) بونە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×