دڵشاد عومەر داوای كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كارەبا لە هاوڵاتیان دەكا تا كەشێكی فێنك بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابین بكەن
  2024-06-19       185       

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئەمشەو چوارشەممە، لە پەیامێكدا داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە رۆژانی یەكشەممەو چوارشەممە لە كاتی تاقیكردنەوەكانی پۆلی دوانزەی ئامادەییدا بەكارهێنانی كارەبا كەم بكەنەوە تا بتوانن كەشێكی فێنك لەم گەرمای هاوینەدا بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابین بكەن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەمو هەوڵەکانی ئارامی هۆڵ و دابینکردنی کارەبامان لەگەڵ فەرمانگەکانی تایبەت بەو بوارە ئەنجام داوە، بەردەوام هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ بەڕێزان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، بەڵام هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای سلێمانی نەبێت سەرکەوتو نابین، چاوەڕوانی بەدەمەوە هاتنی هاوڵاتیانی بەڕێزین."

دەقی پەیامەكەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی:

پەیامێکی باوکانە

بەناوی یەزدانی مەزن

بەڕێزان/

قوتابیان و خوێندکاران

کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران

هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی

قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان

بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی

سەرپەرشتیارو مامۆستایان و فەرمانبەران

جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت

بەهەوڵی هەموان ئەمساڵ پرۆسەی پەروەردە بە کۆتا گەیشت، سوپاسی هەمو لایەک دەکەین بۆ بەدەمەوەچون و هاوکاریکردنی پرۆسەی پەروەردە

بەڕێزان:

ئەوەی بۆ ئەمساڵی خوێندن مابێت لەبەردەممان پرۆسەیەکی گرنگی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەییە بەهەمو بەشەکانییەوە بۆ هەردو خولی یەکەم و دوەم کە بۆ خولی یەکەم ٢٩٠٠٠ قوتابی و خوێندکار کە بەسەر ٤٢٣ هۆڵی تاقیکردنەوە دابەشکراون لە زۆربەی ناوچەکانی سنوری پارێزگاکەمان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٤/٦/٢٣ یەکەم تاقیکردنەوە دەستپێدەکات لە کاتژمێر ٧:٣٠ ی بەیانی، بۆ زانیاری بەڕێزتان تاقیکردنەوەکان لە هەفتەیەکدا لە ڕۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە ئەنجام دەدرێت.

بۆئەوەی کەشێکی فێنک لەم گەرمای هاوینەدا دابین بکەین بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە هەوڵەکان سەرکەوتو بین بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام پێویستمان بە هاوکاری هەمو لایەکتانە، تکا دەکەم، تکا دەکەم، تکا دەکەم لە ڕۆژانی یەکشەممەو چوارشەممەدا لە کاتژمێر ٧:٣٠ تا ١١:٣٠ پێشنیوەڕۆ کە تاقیکردنەوەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت بەکارهێنانی کارەبا کەمبکەینەوە بۆئەوەی کۆششی چەندین ساڵەی جگەرگۆشەی سنوری پارێزگاکەمان بگەیەنینە ئەو ئەنجامەی کە چەندین ساڵە هەموان چاوەڕێی دەکەین.

ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەمو هەوڵەکانی ئارامی هۆڵ و دابینکردنی کارەبامان لەگەڵ فەرمانگەکانی تایبەت بەو بوارە ئەنجام داوە، بەردەوام هەمئاهەنگیمان هەیە لەگەڵ بەڕێزان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، بەڵام هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری پارێزگای سلێمانی نەبێت سەرکەوتو نابین، چاوەڕوانی بەدەمەوە هاتنی هاوڵاتیانی بەڕێزین.

پەیاممان بۆ:

١- بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان: پێویستە ژوری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە چارەسەری کێشەی کارەبا پێک بهێنرێت.

٢- داواکارین لە بەڕێوەبەری ئەو ناوەندی خوێندنانەی هۆڵی تاقیکردنەوەی تێدا نییە هاوکاری ئەو ناوەندی خوێندنانە بکەن کە هۆڵی تاقیکردنەوەی تێدایە بە پێدانی مۆلیدە، ئامێری فێنک کەرەوە، هەر پێداویستییەکی تر.

٣- داوا لە سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرو یاریدەدەرو چاودێری هۆڵی تاقیکردنەوەکان دەکەین کە ژینگەی ئارام ئەنجامی باشی دەبێت بۆ قوتابیان و خوێندکاران، داواکارم ئارامی خۆتان و هۆڵی تاقیکردنەوەکان بپارێزن.

٤- قوتابیان و خوێندکارانی بەشداربوی تاقیکردنەوە گشتییەکان ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و وەزارەتی پەروەردە لەڕوی هەمو پێداویستی و کوالێتی پرسیارو فۆرمی سۆما و ئەو کارانەی کە پەیوەستە بە وەزارەتەوە بەڕێکوپێکی ئەنجام دراوە، ئەوەی لەسەر ئێوەیە تکام وایە دوربکەونەوە لە:

١- تێکدانی ئارامی هۆڵەکان

٢- هەڵگرتنی چەک و ئامێری بڕەڕ

٣- هەڵگرتنی ئامێری زیرەک کە بەداخەوە بەکاردەهێنرێت بۆ گزی (غش) وەک مۆبایل، قەڵەم کە کامێرای تێدایە، کاتژمێری زیرەک، بلوتوث، ڕەنجی ساڵێکتان بەهەدەر دەبات.

لەکۆتاییدا سوپاس بۆ بەڕێز پارێزگاری سلێمانی کە هەمیشە هاوکار بوە، هیوادارم بە هاوکاری هەموتان پرۆسەکە سەربخەین.

لەگەڵ ڕێزدا

                   دڵشاد عمر محمد کریم

        بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پارێزگای سلێمانی

           چوارشەممە ٢٠٢٤/٦/١٩

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×