پارێزگاری سلێمانی پەیامێكی ماتەمینی بۆ قوربانیانی كەشتییە تێكشكاوەكەی ئیتاڵیا بڵاوكردەوە
  2024-06-19       186       

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، پەیامێكی ماتەمینی بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە بۆ  قوربانییانەی كەشتییە تێكشكاوەكەی نزیك ئیتاڵیا بڵاوكردەوەو دەڵێت، "دۆخی نادادیی و کاڵبونەوەی پابەندییەکان و ململانێی ناڕەوای هێزە سیاسییەکان و هەژمونی دەسەڵاتدارێتیی خۆسەپێن و خۆپەرست و گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتردا؛ بەبەردەوامیی دەرون و گیان و ژیان و سامان و ماڵی هاوڵاتیان دەخەنەبەر مەترسیی مەرگ و نەمان.

ئاوێنە: د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسەو پەژارەو ماتەمینیی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی هەمو ئەو بەڕێزو ئازیزانەمان؛ دەردەبڕین، کە بە هۆی نوقمبونی قەیاغەکەیانەوە لە ئاوەکانی ئیتالیادا؛ بونەقوربانیی."

پارێزگاری سلێمانی جەختی كردۆتەوە كە "دۆخی نادادیی و کاڵبونەوەی پابەندییەکان و ململانێی ناڕەوای هێزە سیاسییەکان و هەژمونی دەسەڵاتدارێتیی خۆسەپێن و خۆپەرست و گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتردا؛ بەبەردەوامیی دەرون و گیان و ژیان و سامان و ماڵی هاوڵاتیان دەخەنەبەر مەترسیی مەرگ و نەمان و زایەکردنی هەمو بەها مرۆڤایەتییەکان."

وتوشیەتی"بەهیوای ئەوەی ئەم مەرگەساتە گەورەیە؛ دوا کۆست و کەوتن و نەهاتیی و نەهامەتیی خەڵکی کوردستان بێت. تاقیکردنەوەیەکی تاڵ و تاریک بێت بۆ ئەزمونکردنی شکست و بێباکیی هەموان."

دەقی پەیامەكەی پارێزگاری سلێمانی:

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پرسەو پەژارەو ماتەمینیی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی هەمو ئەو بەڕێزو ئازیزانەمان؛ دەردەبڕین، کە بە هۆی نوقمبونی قەیاغەکەیانەوە لە ئاوەکانی ئیتالیادا؛ بونەقوربانیی.

داواخوازین خوای گەورە ئارامیی بە هەمو لایەکمان ببەخشێت و جێگای کۆچکردوان بەهەشت بێت و نزای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارو زیانلێکەوتوەکان دەکەین.

دۆخی نادادیی و کاڵبونەوەی پابەندییەکان و ململانێی ناڕەوای هێزە سیاسییەکان و هەژمونی دەسەڵاتدارێتیی خۆسەپێن و خۆپەرست و گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتردا؛ بەبەردەوامیی دەرون و گیان و ژیان و سامان و ماڵی هاوڵاتیان دەخەنەبەر مەترسیی مەرگ و نەمان و زایەکردنی هەمو بەها مرۆڤایەتییەکان.

لەسەر خاکی خۆمان هەڵدەکەندرێین و وەک باڵندەیەکی بێلانە، بێپەروا، تا کارەسات و تا لوتکەی سەرکەشیی و سەرەڕۆیی و تا هەناوی مەرگ دەفڕین.

بەهیوای ئەوەی ئەم مەرگەساتە گەورەیە؛ دوا کۆست و کەوتن و نەهاتیی و نەهامەتیی خەڵکی کوردستان بێت.

تاقیکردنەوەیەکی تاڵ و تاریک بێت بۆ ئەزمونکردنی شکست و بێباکیی هەموان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×