راوێژكارێكی سودانی باس لە دو پڕۆژە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك دەكات
  2024-06-19       498       

تورهان موفتی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا دو پڕۆژە هەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە كەركوك و ئێستاش كاتی ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان لەسەر یەكێك لەو دو پڕۆژەیە بگەنە رێككەوتن.

ئاوێنە: تورهان موفتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق وتویەتی"جێی خۆشحاڵییە بۆ پارێزگای كەركوك و لایەنە سیاسییەكان كە دانوستانەكان بەسەرپەرشتی سەرۆك وەزیران سودانی بەڕێوەدەچن، ئەوەش قورساییەكی داوە بە كۆبونەوەكان و هاوكار دەبێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی خێراو پێشبینیش دەكرێت بەم نزیكانە دانوستان و كۆبونەوەكان كۆتاییان بێت."

هەروەها وتوشیەتی"یاساكە لەبارەی كەركوك رونە كە دەبێت سەرجەم لایەنە براوەكان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی پارێزگاكەو ئەوەی دەمێنێتەوە دابەشكردنی پۆستەكانە بەسەر لایەنە براوەكان یاخود پێكهاتە براوەكاندا."

وتیشی، "لەچوارچێوەی دیدگای ئێستادا بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، دو پڕۆژە هەن، یەكەمیان ئەوەیە كە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بەشێوەی دەوری بێت لەگەڵ پۆستەكانی دیكە كە دەكرێت جێگیربن بەڵام پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەر بەشێوەیەكی دەوری دەبن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"پرۆژەكەی دیكەش ئەوەیە كە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار تەنیا لەنێوان دو لایەندا بەدەوری بەڕێوەببرێت و لایەنە براوەكانی دیكە ئەو پۆستانە وەربگرن كە قورساییان هاوتای پۆستی پارێزگارە."

جەختیشی كردۆتەوە "ئێستا كاتی ئەوەیە رێككەوتن لەسەر یەكێك لەم دو پڕۆژەیە بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك."

هەروەها وتوشیەتی"لە ئێستادا چاوەڕێی هەندێك كەسایەتین كە لە حەج بگەڕێنەوە بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكان. داواش لە لایەنە سیاسییەكان لە كەركوك دەكەم، سود لە سەرپەشتیاریی سودانی بۆ كۆبونەوەكانیان وەربگرن، چونكە سەرپەرشتیكردنی كۆبونەوەكانیان لەلایەن سودانی بە واتای لایەنی گەرەنتیكارە كە رێگە نادات ئەوەی وەك رێككەوتن ئیمزای لەسەر دەكرێت، جێبەجێ نەكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×