نەوەی نوێ: ئەم دەسەڵاتە ستەمكارە هۆكاری یەكەم و كۆتایی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتیمانە
  2024-06-19       189       

جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو سێ یەختە دەكات کە لەئاوەکانی ڕێگای پەنابەریی گیانیان سپارد. دەشڵێت، "هۆكاری یەكەم و كۆتایی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتمان لەلایەن بەشێکی هاوڵاتییانەوە، حکومڕانی ئەم دەسەڵاتە خراپ و ستەمکارەیە."

ئاوێنە: جوڵانەوەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا وتویەتی"بەوپەڕی پەژارەوەو لەگەڵ ڕازیبونمان بەقەدەری خودای گەورە سەرەخۆشیی و پرسەی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو سێ یەختە دەکەین کە لەئاوەکانی ڕێگای پەنابەریی گیانیان سپارد."

جوڵانەوەی نەوەی نوێ جەختی كردۆتەوە كە "‏‎هۆکاری یەکەم و کۆتایی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتیمان لەلایەن بەشێکی هاوڵاتییانمانەوە حوکمڕانیی ئەم دەسەڵاتە خراپ و ستەمکارەیە کە بەدرێژایی 33 ساڵی پڕ لە زوڵم و ستەم وایکردوە بەشێک لەو ئازیزانەمان ڕێگای مەرگ بگرنەبەرو وڵات و زێدی خۆیان جێبهێڵن. لەکاتێکدا لەوێش ئاسۆی ژیان بەهۆی پێنەدانی مافی پەنابەریی ناڕون و لێڵە."

ئاماژەی بەوەشداوە "پەیامی ئێمە بۆ هەموان ئەوەیە ڕوناکیی کاتێک دێت کە تاریکیی هەمو شوێنێکی گرتۆتەوە. تاریکیی ئەم دەسەڵاتەی پارتیی و یەکێتیش هەمو جێیەکی تەنیوە و ئیتر کاتی دەرکەوتنی ڕوناکییەو دڵنیابن دەرکەوتنی ئەو ڕوناکییە زۆر نزیکبۆتەوە."

دەقی پەیامەكەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:

بەوپەڕی پەژارەوە و لەگەڵ ڕازیبونمان بەقەدەری خودای گەورە سەرەخۆشیی و پرسەی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو سێ یەختە دەکەین کە لەئاوەکانی ڕێگای پەنابەریی گیانیان سپارد.

‏‎خوشک و برایانی ئازیز

‏‎هۆکاری یەکەم و کۆتایی سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتیمان لەلایەن بەشێکی هاوڵاتییانمانەوە حوکمڕانیی ئەم دەسەڵاتە خراپ و ستەمکارەیە کە بەدرێژایی 33 ساڵی پڕ لە زوڵم و ستەم وایکردوە بەشێک لەو ئازیزانەمان ڕێگای مەرگ بگرنە بەرو وڵات و زێدی خۆیان جێبهێڵن. لەکاتێکدا لەوێش ئاسۆی ژیان بەهۆی پێنەدانی مافی پەنابەریی ناڕون و لێڵە.

‏‎هاوڵاتییانی خۆشەویست 

‏‎ئێمە دڵمان لەگەڵ دڵی یەک بەیەکەتاندایە، لەقوڵایی ڕۆحمانەوە بۆتان دەسوتێین، پەیامی ئێمە بۆ هەموان ئەوەیە ڕوناکیی کاتێک دێت کە تاریکیی هەمو شوێنێکی گرتۆتەوە. تاریکیی ئەم دەسەڵاتەی پارتیی ویەکێتیش هەمو جێیەکی تەنیوە و ئیتر کاتی دەرکەوتنی ڕوناکییە و دڵنیابن دەرکەوتنی ئەو ڕوناکییە زۆر نزیکبۆتەوە.

‏‎هاونیشتیمانیانی ئازیز، ئەی ئەوانەی ئێستا لێرە دەژین و وڵاتیان جێنەهێشتوە

‏‎چەند مانگێکی کەمی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم. تەنها ئەم ماوەیە دان بەخۆتاندا بگرن و بەهەموان هەوڵبدەین ئەم توڕەیی و بێزارییەمان هەڵبگرین بۆ رۆژی هەڵبژادن و لەو رۆژەدا تۆڵەی 33 ساڵەی خۆمان لەم دەسەڵاتە ستەمکارە بکەینەوە. با هەموان پێکەوە بەشێک بین لە هیوا و گۆرانکاریی، بۆئەوەی ئەم کارەساتە ماڵوێرانکەرە چەندبارە نەبێتەوە و جەرگی ئازیزانمان چیتر نەسوتێت، دەتوانین ئەم حوکمڕانییە خراپە بگۆڕین و کۆتایی بەم هەمو غەدر و ستەمە بهێنین.

‏‎جوڵانەوەی نەوەی نوێ

19/06/2024

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×