بەرپرسێكی ئەوقاق: بەهۆی بەرپرسان و كەسوكاریانەوە هەزاران كەس ناچاربون بە ڤیزای گەشتیاری بچنە حەج
  2024-06-19       603       

بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، ئەمساڵ هەزاران بەرپرس و كەسوكارەكانیان لەدەرەوەی تیروپشك چونەتە حەج و ئەوەش هۆكاربوە بۆ بێبەشکردنی هەزاران کەسی تر لەم فەرزەیەو  ناچاربون بەڤیزای گەشتیاری و لەدەرەوەی ڕێکار و پشکی حاجیان حەج بکەن.

ئاوێنە: مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ 88 ئەندامی پەرلەمان، 8 وەزیر، 270 وەکیل وەزیر و مدیر عام، 300 راوێژکار و پلە تایبەت، 7 سەرۆکی دەستەی سەربەخۆ، 1000 ئەفسەری پلەبەرز، 200 راگەیاندنکار، 3500 کەس لەخەدەم و حەشەم و کەسوکاری بەرپرسان کە ناویان لەدەرچوانی تیروپشک نەبوە، چونەتە حەج.

وتوشیەتی، "ئەم ژمارەو داتایانە رەسمین و لەدەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقەوە دەرچون، لەکاتێکدا دەستەی ناوبراو سوپایەک لە بەرپرس و فەرمانبەری هەیەو ئەرکی ئەوانە سەرپەرشتی کاروباری حەج بکەن نەک ئەم هەمو بەرپرس و خەڵکە لابەلایە."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم وتوشیەتی"جگە لەوەش ئەم بەرپرسانە کە بەشی هەرە زۆریان بەئیفاد چونەتە حەج و لە سعودیەش بە VIP حەجیان کردوە، هۆکاربون بۆ بێبەشکردنی هەزاران کەسی تر لەم فەرزەیەی ئیسلام و ناچاربون بە ڤیزای گەشتیاری و لەدەرەوەی ڕێکار و پشکی حاجیان حەج بکەن کە بەشێکیان بەداخەوە دوچاری ماندوبون و دەستگیرکردن و غەرامە بونەوە لەلایەن بەرپرسانی سعودیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×