رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات
  2024-06-19       151       

بەرێوەبەری سایلۆی پیرەمەگرون ئاماژە بەوەدەكات لە دوێنێوە دەستیان كردووەتەوە بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران تا ئێستا لەكۆی 282 هەزار تۆن گەنم كە بۆمان دیاریكراوە تائێستا بڕی زیاد لە 45 هەزار تۆن گەنممان لە جوتیاران وەرگرتووە هاوكات تاوەکو ئێستاش بڕی سێ‌ ملیار دیناریان بەدەست گەیشتووە ڕۆژی یەكشەممە 23ی حوزەیرانی 2024و دەستدەكرێت بەدابەشكردنی و 20 ملیار دیناری دیكەش بەڕێوەیە بگات.

نەسرین عەلی، بەڕێوەبەری سایلۆی پیرەمەگرون ڕاگەیاند: سەرەڕای ئەوەی لە زۆرینەی داموودەزگاحكومییەكان هێشتا پشووی فەرمییە،بەڵام ئێمە لەدوێنیوە دەستمانكردووەتەوە بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، تا ئەمڕۆش زیاد لە 45 هەزار تۆن گەنممان لە جوتیاران وەرگرتووە و پرۆسەكەش بەبێ‌ گرفت بەردەوامی هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقییەوە بۆمان دیاریكراوە كە دەتوانین بڕی 282 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگرین، هاوكات پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش تا 20/7/2024 بەردەوامی دەبێت، نازانین ئەو ماوەیە درێژ دەكرێتەوە یاخود نا، بەڵام ئێستا سایلۆكەمان بڕێك لە گەنمی ساڵی ڕابردووی تێدا ماوەتەوە و دەبێت ئەو گەنمە بگوازینەوە بۆ سایلۆیەكی ئەهلی بۆ ئەوەی بتوانین سەرجەم ئەو گەنمە وەربگرین كە بۆمان دیاركراوە.

بەڕێوەبەری سایلۆی پیرەمەگرون ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا بڕی سێ‌ ملیار دینار لە پارەی گەنمی جوتیارانمان بەدەست گەیشتووە و ڕۆژی یەكشەممەش 23ی حوزەیرانی 2024و دەستدەكەین بە پێدانی چەك بەو جوتیارانەی كە گەنمەكانیان ڕادەستكردووەو بۆئەوەی لە بانكەكان بتوانن پارەی گەنمەكانیان وەربگرن، هاوكات بڕی 20 ملیار دیناری دیكەش لەڕێیە بگات كە ئەویش پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوو بگات و بخرێتە سەر ژمارە حسابییەكەمان، بۆئەوەی بتوانین دابەشی بكەین بەسەر جوتیاراندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×