ئەنجومەنی ئەوروپا داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموكراتی گهلان (ههدهپه) و عوسمان کاڤالا، بازرگان و چالاکوانی تورك دهكات، بهرپرسێك دهڵێت، "دۆسیەی کاڤالا و دەمیرتاش لە دەستی دەسەڵاتی دادوەری تورکیادایە و دەتوانرێت چارەسەری یاسایی بۆ ئەو دو دۆسیەیە بدۆزرێتەوە".
ستیفان شناخ، ڕاپۆرتدەری ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەوروپا (MPKE) لە نێوان 11 بۆ 14ی ئهم مانگه سهردانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵی كرد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و درێژەدان بە دیالۆگی ئاست بەرز لەگەڵ ئەنجومەنی ئەوروپا کۆبوەوە.
ستیفان شناخ كه سیاسەتمەدارێکی نەمساییە، له لێدوانێكدا ڕایگەیاند، لە زینداندا لەگەڵ عوسمان کاڤالا، بازرگان و هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش دیدارێکی هەبوە.
بەگوێرەی هەواڵی بی بی سی تورکی، ئەو بهرپرسهی ئهوروپا ڕایگەیاندوە، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی داد و هەروەها لەگەڵ ئەندامانی دادگای دەستوری تورکیا کۆبوەتەوە، "لە میانی کۆبونەوەکانمدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا، بیرم هێنایەوە کە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ پابەندبونێکی یاساییە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ".
ئهو بهرپرسه دهڵێت، "بە دەسەڵاتدارانم وت بڕیارەکان سەبارەت بە کاڤالا و دەمیرتاش جێبەجێ بکەن (ئازادبكرێن)، بانگەوازێکی بەهێزم بۆ ئەمە کرد".
عوسمان کاڤالا لە (تشرینی یهكهم/10)ی 2017ەوە لە زینداندایە و سهڵاحهدین دهمیرتاش له ساڵی 2018وه زیندانی كراوه، ئهو بهرپرسه دهڵێت، "دۆسیەی کاڤالا و دەمیرتاش لە دەستی دەسەڵاتی دادوەری تورکیادایە و دەتوانرێت چارەسەری یاسایی بۆ ئەو دو دۆسیەیە بدۆزرێتەوە".