2019-09-09   4299     
عەلی عەبدولسەمەد
هونەر ئەو کاتەی خاوەنی پەیامێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، ئەو کاتەی هەڵگری پەیامی چاکسازی و گۆڕانکاری و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیە، ئەو کاتەی بەرجەستەی ئازار و بارودۆخی کۆمەڵگاکەکەی دەکات، ئەستەمە ئەو هونەرە لەزهن و یادەوەری خەڵکیدا بچێتە دەرەوە و نەمێنێت.
ئەو گۆرانیەی لەشەوە ئاهەنگێکدا لەدایک دەبێت و هەڵگری هیچ پەیامێک نیە جگە لە چەند دەستەواژەیەکی سادە و بێ ناوەڕۆک و بێ مانا، ئەگەر سەدان هەزار و ملیۆنان بینەریشی هەبێت، هیچ کاتێك بۆ هەمیشە لە یادەوەری بینەر و بیسەردا نامێنێتەوەو هەر زوو لەیاد دەچێتەوە و دەڕوات.
ئاخر ئەستمە خالید ڕەشید لەیادەوەریماندا بسڕێتەوە، ئەو هونەرمەندەی گۆرانی و ئاوازەکانی هەمیشە هەڵگری پەیامێکی قوڵ و گرنگن بۆ بینەر و بیسەرەکانی و چەندین نەوەش لەدوای خۆی ئاشنای کارەجوانەکانی دەبن، ئەو هونەرمەندەی جگە لە هونەر، خاوەنی پاشخانێکی قوڵی ڕۆشنبیری و مەعریفییە.
خالید ڕەشید، جگە لەوەی سەدایەکی ئەفسوناوی و ئاڵتونیە و ساڕێژی هەندێك لە زامەکانی ڕۆحی بینەر و بیسەرەکانی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگێکە بە بیستنی هەست بەوە دەکەیت، کە مەلی دڵت پەرواز بەرەو جیهانێکی پڕ لە ئیستاتیکا و ئارامتر دەکات، ئەستێرەیەک لەناو شەوێکی فانیدا و ڕوبارێک لە هەناوی بیابان و گزنگێك لەناو دڵی زستاندا.
ئەو کاتەی هونەر لە مانا ڕاستیەکانی خۆی دەکەوێت و هەڵگری هیچ پەیامێک نیە، ئەو کاتەی گۆرانی جگە لە هەندێك دەستەواژەی بێ مانا هیچ ئامانجێکی نیە، ئەوکات نە هونەر و نە گۆرانیەکان، ڕۆحی بینەر و بیسەر تێر ناکەن و بەهایەکی ئەو تۆ بۆ هونەر ناهێڵنەوە.
ئەو کاتەی شاشەی تیڤیەکان پڕ دەبن، لەو بەناو هونەرمەندانەی هونەری ڕاستەقینەیان کوشتووە و چێژی هونەریان لەلای بینەر نەهێشتووە بە کارە نا هونەرییەکانیان، لەکاتێکدا زۆریەنەیان بۆ کارەکانیان سەدان و هەزاران دۆلار وەردەگرن، ئیتر دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن نە کارەکانیان هونەرە و نەخۆیان هونەرمەند، بەڵکو خودی ئەمانە بکوژی ڕاستەقینەی هونەرو چێژو جوانیەکانی هونەرن.
لەناو هەموو ئەم فەوزاو ژاوەژاوەی بەناو هونەری کوردییەدا، هونەرمەندێکی ڕاستەقینە کە بۆ هەمیشە کارەکانی بەنەمری دەمێنێتەوە، تەنها بە موبایلەکەی گۆرانییەک بە هۆنراوەیەکی ناوازە و ئاوازێکی دڵڕفێن تۆمار دەکات و هەر زوو دەچێتە ناو دڵی کۆمەڵگاکەیەوە و پێشوازییەکی بێ وێنەی لێدەکرێت و کاریکی نەمری دیکەی خستە سەر خەرمانی کارە ناوازەکانی و تەحەدای هەموو ئەو بەناو هونەرمەندانە دەکات کە لەژێر ناوی هونەردا بازرگانی دەکەن و پارەی خەیاڵی وەردەگرن بۆ کارە ناشازەکانیان.
هونەرمەندی ڕاستەقینە ئەو هونەرمەندەیە، کە شاکاری جوان و نەمر بخوڵقێنێت، هەر بۆیە خالید ڕەشید لەناو ئەم ژاوەژاوە هونەریەی دنیای ئێمەدا، دووبارە شاکارێکی دیکەی خوڵقاندو ئاودێری گوێی بینەرەکانی کردەوە و بردینێوە بۆ ناو چێژی دنیای هونەری ڕاستەقینە و پشویەکی پێداین بە دوورکەوتنەوەمان لە هونەری ناشازی باو، هەر بۆیە ئەم مرۆڤە، کارەکانی بە نەمری لە یادەوریماندا دەمێنێتەوە.