دلاوەر قەرەداغی
سپێدەی یەکەم ڕۆژی سێپتێمبه‌ری بیستوپێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ به‌کر عه‌لی شاعیر خه‌ونێک ده‌بینێ: خه‌ون به‌کوژرانی خۆیەوە نا، به‌ڵکو خه‌ون به‌وه‌وه دەبینێ کە ڕا دەکاو بەدەم ڕاکردنەوە ورده ورده ڕه‌ق ده‌بێته‌وه. له‌خه‌ونیدا دەبینێ دونیا سەراپا بوەتە زوقمو کڕێوه هه‌ڵیکردوه، باڕێزە ڕاوی دەنێو ئه‌میش به‌هه‌مو هێزی خۆی به‌کۆڵانه‌کاندا ڕادەکا. هاوکاتیش بەلێشاو لەرزێکی سارد ڕۆدەچێتە گیانییەوەو پەیتا پەیتا تەنیاییەکی چڕ گەمارۆی دەدا. لەدەوروبەری خۆی دەنۆڕێو دەبینێ، وا درەختو هەواو بارانیش ڕەق دەبنەوەو دەبنە سەهۆڵ، لەئاسمان دەنۆڕێو ده‌بینێ پۆلێک باڵنده‌ی باڵ شوشه‌یی به‌ژور سه‌رییه‌وه ده‌فڕن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگیان به‌ستویه‌تی، ناتوانن بچریکێنن. بەکر عەلی دەنۆڕێو دەیەوێ شتێک بڵێ، بەڵام ئەمیش لەسهرماو تەنیاییدا ده‌نگی ده‌رنایه. بەدەم ڕاکردنەوە خەیاڵی سەمایەک دایدەگرێ، کە هەم گەرمی دابێنێ‌و هەمیش وەسوەسەی کوژرانی لەخۆی پێ بتەکێنێ.
خەونی ئەو سپێدە ئەیلولییە بۆ به‌کر عه‌لی به‌رله‌وه‌ی نوقڵانه‌ی کوژران بوبێ، خورپه‌ی ترس‌و زهندهقچون بوه لهڕهقبونهوه. کوژران دوایین شتێک ده‌بێ که ئه‌و شاعیره لەو تافی گڕوگاڵی ڕاپەڕینەدا بیری لێبکاته‌وه. ئه‌و ته‌نها دڵی ختوره دەکا که زستانێکی سه‌ختتر لەدو زستانه‌که‌ی پێشوی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ڕێوه‌یه. دەزانێ ده‌بێ ده‌ستوبردێک بکا... دەزانێ ده‌بێ هه‌رچۆنێک هه‌یه کولیتێک بۆ دایک‌و "کوێستان" ی خوشکیو "ده‌ریا" ی خوشکه‌زای چێ بکا... لەخۆوەڕا ترسێک دایدەگرێ له‌وه‌ی که دونیا زستان دوای زستان ساردتر دهبێو نیشتمانیش رۆژ دوای ڕۆژ دڵڕه‌قتر. هەمو ئەو کەسانەی کە لەو بەیانییەدا ئەو شاعیره‌یان بینیوە، سوێند دەخۆن کە ئه‌و کوڕە به‌رله‌وه‌ی تارمایی مه‌رگ دڵی داخورپاندبێ، زەندەقی لەنزیکبونهوهی ته‌په‌ی پێی زستان چوه.
بەکر عەلی لەو سپێدە پاییزییەی خەونەکەیدا، ئەوەشی بۆ یەکلا دەبێتەوە، کە ئیدی لەدوای ڕاپەڕینەوە هێدی هێدی ڕوخسارێکی نوێی هەژاریی وەدیاردەکەوێ، هەژارییەکی غەریبو هەمیشە بەدەرەوەو بێ ماڵوحاڵ، کە سەری نیشتمانی بۆ کولیتێک خۆی تێدا حەشار بدا، نەک تیایدا بحەوێتەوە، لێ دێتەوە یەک. هاوکاتیش مۆدێلێکی نوێی دەوڵەمەندیی باوی دێ، کە لاقێکی لە ناو سیاسەتو میراتی شۆڕشگێڕیدایەو لاقێکی تریشی لەناو بازاڕ‌و پارەو وەکالەتی گەنم‌و شه‌ڕو بازرگانییدا. لەو نێوانەشدا ڕوخسارێکی نوێی "ئەدیب" و "هونەرمەند" یش وەدیار دەکەوێ، کە جیاوازە لەڕوخساری غەمگینی بۆ نمونە ڕەوانشادان عوسمان شەیداو دڵشاد مەریوانی‌و حه‌مه‌ی نێرگز‌و سەڵاح محەممەد لەفۆتۆ ڕەشو سپییەکانیاندا. ڕوخسارێکی نوێی شاد‌و شەنگوڵو بەهرەمەند لەدەسکەوتو کەیفساز بەسەخاوەتمهندییەکانی ڕاپەڕینو شوکرانەبژێر بەبەخشیشەکانی نیشتمان.
دونیا تا دێ لەو خەونە پاییزانەیەی بەکر عەلی دا سارد‌و ساردتر دەکاو خۆیشی تا دێ تەنیاو تەنیاترو دەوری چۆڵ‌و چۆڵتر دەبێ، بەدەم ڕاکردن‌و سەماوە ڕوانینی دەیبەستێ، پاشان دەنگیی و ئینجا دەستەکانی لەگۆ دەکەون‌و پەنجەکانی دەوەرن. کەس بەدەورییەوە نامێنێ، تەنیای تەنیا لەڕیواقە سارد‌و چۆڵەکانی زستاندا وەک کەسێک کە دەمێک بێ بەڕێوەبێ، دەکەوێ. لەوساتەدا هێند تەنیاو سەرمازەدەیه کە هەر هەمو ئەو قەرەباڵخییو هاتوهاوارانەی دواتر دەوری کوژرانەکەی دەدەن‌و نوتقی بەدیارەوە دەدەن‌و دەیانەوێ کوتێکی وەک موفەڕک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لێ بپچڕن، ناتوانن هێندەی دێڕێک شیعری جوان ڕۆحی گەرم دابێنن‌و بەئەندازەی تاقە فرمێسکێکی دایکە حەلیمە، دڵی بدەنەوەو سەبوریی پێ ببەخشن.
لەژمارە ٤٩٣ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە