سەرپەرشتیاری لیوا تایبەتاکانی کۆسرەت ڕەسوڵ: کوێخا دێرین تاوانبارە و دەبێت خۆی رادەستی یاسا بکات
  2024-02-13       1258       

ئەیوب یوسف سەرپەرشتیاری لیوای 3 و 7ـی پێشمەرگە کە بە لیواکانی ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەناسرێن، لەبارەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دێرین ئەحمەد(کوێخا دێرین)  ڕاگەیاند،" دەبێت یاسا سەروەر بێت، کوێخا دێرین یان هەر کەسێکی دیکە کە تاوانێکی کرد دەبێت خۆی رادەستی یاسا بکات".

ئاوێنە: دێرین ئەحمەد بە کەسێکی سەربازی نزیک لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەناسرێت، لەگەل دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنەکەشی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە "بەهۆی دەستوەردانی ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ لە دۆسیەکە ناوبراو دەستگیرنەکراوە، لەوبارەیەوە ئەیوب یوسف بە میدیای گۆڕانی ڕاگەیاند  "ماڵی کاک کۆسرەت لەم دۆسیەیەدا هیچ کێشەیەکیان نییە چونکە کوێخا دێرین فەرماندەی سەربازی نەبووە، کەسێک کە تاوانبار بوو ماڵی کاک کۆسرەت باکیان نییە بگیرێت یان نا". 

سەرپەرشتیاری لیوای 3و 7ی هێزەكانی پێشمەرگە، دۆسیەکە تەنها وەک دۆسیەیەکی تاوان دەبینێت و پێی وانییە هۆکاری سیاسی لە پشت بڕیارەکانەوە بێت، وەک خۆی وتی،" دێرین عوزێری تاوانی کردوە بۆیە ئەم مامەڵەیەی لەگەڵ دەکرێت". ڕەتیشی کردەوە، دێرینی عوزێری داوای داڵدەدانی لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کردبێت. 

ئەمڕۆ 12ـی شوباتی 2024، ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسەر دۆسیەی تەقەکردن و سەرانە وەرگرتن داداوەر بریاریداوە دێرین ئەحمەد دەستگیربکرێت، هەروەها دەست بەسەر ئەو ماڵ و شوێنانەشدا بگیرێت کە بە زیادەڕۆی دروستی کردوون. دوای بڵاوکراوەکەی ئاسایش هێزە ئەمنییەکان چونە گوندی گورگەیەر(سەرقەڵای عوزێری) کە دەکەوێتە نزیک بازگەی کڵاوەنان لە سەر ڕێگای دوکان - سلێمانی  و دەستیان بە ڕوخاندنی کرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×