هاوسەرۆکی دەم پارتی: کورد، چیتر کوردی سەدەی پێشوو نییە. ئەو کوردە نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ فریوبدرێت
  2025-02-08       1190       
ژنان لەگردبوونەوەی "ئازادی بۆ ئاشتی" لەئامەد

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لەگردبوونەوەی "ئازادی بۆ ئاشتی" لەئامەد رایگەیاند "کورد، چیتر کوردی سەدەی پێشوو نییە. ئەو کوردە نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ فریوبدرێت".

 

ئاوێنە: باقرخان تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ چارەسەری پرسی کورد لەتورکیاو وتی: "بەڕێز ئۆجالان چی دەکات؟ بۆ ئەوەی ئامەد ئازاد ببێت، قەیوم لە ئامەد دانەنرێت، کۆچبەرانی سێرت بە ناسنامەی خۆیان و بە ئازادانە بژین، نەخشەڕێگایەک ئامادە دەکات. بەڕێز ئۆجالان نەخشەڕێگای ئاشتی ئامادە دەکات. نەخشەڕێگاکە تەنها بۆ کورد نییە بەڵکو بۆ ژیانی یەکسانی هەموو باوەڕ و نەژادەکانی تورکیایە. بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت کوردەکان بە ئازادی و بە زمانی خۆیان بدوێن و بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە ببینن. بەڕێز ئۆجالان دەیەوێت قەیوم لەسەر ئیرادەی گەلی کورد دانەنرێت. دەیەوێت ئامەد بە ئیرادەی ئامەد بەڕێوەببرێت، ئێلح بە ئیرادەی ئێلح بەڕێوەببرێت، سێرت بە ئیرادەی سێرت بەڕێوەببرێت".

باقرخان جەغتی لەوە کرد کە پێویستە هەمووان لەگەڵ ئەو نەخشەڕێگایەدا بن ئۆجەلان بەم نزیکانە ئاشکرای دەکات، ئەو وتی "نیگەران مەبن و مەترسن. کورد، چیتر کوردی سەدەی پێشوو نییە. ئەو کوردە نییە لەسەر مێزی گفتوگۆ فریوبدرێت. گەلی کورد، گەلێکی دینامیکییە، گەلێکی بەهێزو ڕێکخراوی هەرێمەکەیە. تا ئێوە هەبن، کەس ناتوانێت فریوتان بدات. تا ئێوە بەهێز بن، ئەو کەسانەی ڕەتمان دەکەنەوە ناچارن بێنە سەر مێزی دانوستان. بەهێزبن و باوەڕ و هیواتان هەبێت".

وتیشی "عەبدوڵا ئۆجالان هیوا و دڵی ملیۆنان کەسە. تا ئەوکاتەی هیوای ملیۆنان کەس لەژوورێکدا گۆشەگیر بێت، باوەڕ بە جدییەتی ئێوە ناکەین. لە ژوورێکی ١٢ مەتریدا دانوستان ناکرێت و دیموکراسی بەدی نایەت. با ئۆجالان لەگەڵ گەلی ئامەد کۆببێتەوە، با گەلی ئامەد و ئۆجالان کۆببنەوە".

تونجەر باقرخان داوای کرد کە مەرجەکانی ئاشتی دابین بکرێت و ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە کۆتایی پێبهێنرێت، ئەو وەبیرهێنانەوەی لێدوانەکانی تەیب ئەردۆغان لەئامەد ماوەیەک لەمەوبەر، وتی "بەڕێز ئەردۆغان لێرە وتی، "چارەنووسی ئامەد چارەنووسی تورکیایە" ئێمەش دەڵێین "ئاشتی ئامەد ئاشتی تورکیایە "، پێویستە بەڕیز ئەردۆغان گوێ بگرێت لەخەڵکی دیاربەکر بگرێت کە لەم گۆڕەپانە کۆبوونەتەوە چی دەڵێن ‘ئاشتی، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی، دەیانەوێت جەورو ستەمە کۆتایی پێبێت".

هەروەها داوای کرد کە ستاتۆیەک بۆ ڕۆژاڤای کوردستان دابین بکرێت، ئباقرخان وتی "حکومەتی تورکیا لێرە باسی 'چارەسەر' دەکات‌و لەڕۆژاڤاش ئۆپەراسیۆن، بەڵام ناتوانرێت لەتورکیا چارەسەر بکرێت، لەڕۆژاڤا شەڕ بەردەوام بێت، ناکرێت گفتوگۆی ئاشتی لەتورکیا هەبێت، پلانی جەنگیش لەڕۆژاڤا، ئەگەر بیەوێت ئاشتی لەتورکیادا هەبێت، پێویستە ڕۆژاڤاش بخرێتە نێو ئەم بازنەیەوە. ئەگەر بیەوێت ئاشتی لە تورکیا هەبێت، پێویستە تورکیا رۆڵی هەبێت لەپێکهێنانی سوریایەکدا، کە مافەکانی کوردی تێدا پشێل نەکرێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×