وتەبێژی مانگرتووان وەڵامی ئەو دەنگۆیە دەداتەوە بۆ ئاوێنە کە مامۆستاکان پیتزایان داوا کرد بێت
  2025-02-08       725       

وتەبێژی مامۆستا مانگرتووەکان لەسەر لابردنی کانۆلا تا چیتر چارەسەری پزیشکی وەرنەگرن و دەنگۆی داواکردنی پیتزا بۆ خێمەی مانگرتووان زانیاری نوێ بۆ ئاوێنە دەخاتە روو.

 

ئاوێنە: عوسمان عەبدوڵا گوڵپی، وتەبێژی مامۆستا مانگرتووەکانی سلێمانی لەبارەی دۆخی مامۆستایان و لابردنی کانۆلاکانیان تاوەکو چیدیکە چارەسەر وەرنەگرن زانیاری ئاشکرا دەکات و بۆ ئاوێنە دەڵێت "دوێنێ مامۆستا مانگرتووەکان چارەسەری پزیشکیان رەتکردەوە، پاشان شەوەکەی لەسەر داوای خەڵک و ئەو کەسانەی سەردانیان دەکردن و پزیشکەکان ئێستا چارەسەر وەردەگرن".

سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی کە مامۆستا مانگرتووەکان ١٣ پیتزایان بۆ خێمەکە داواکردووە و بەنهێنی خواردن دەخۆن، ناوبراو بەتوندی وەڵامی ئەو دەنگۆیە دەداتەوە و رایدەگەیەنێت "لەراستیدا لەرابردووشدا هەموو قۆناغێکی مەدەنی قسە و قسەلۆکیان لەسەر هەبووە، وە هەرگیز زمانێکی باشیان بەرامبەر بە خەباتی مەدەنی بەکارنەهێناوە، هەموو پشکنین و تیمی پزیشکی لێرەن بفەرموون خۆیان پشکنینیان بۆ بکەن سەیربکەن جەستەیان چەندێک مانگرتن کاریگەری لەسەریان هەبووە، بۆیە ئێمە زۆر وەڵامی ئەو قسانە نادەینەوە، ئەوانە نانیان لەسەر ئەو جۆرە قسانەیە".

وتیشی "نەتەوە یەکگرتووەکان هاتن و مانگرتووانیان بینی لەگەڵ لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق، هێزە سیاسییەکان تاڕادەیەک رایان روونە بەرامبەر بەمانگرتووان هەندێکیان پەیامی ئەرێنی و هەندێکیشیان نیگەرانن لە پەیامەکانیان بەتایبەت حکومەتی هەرێم".

لەسەر شکانی مانگرتنیش، عوسمان گوڵپی ئاشکرایکرد "تاوەکو ئێستا مانگرتن بەردەوامە، تا ئەوکاتەشی مانگرتووان مانگرتن دەشکێنن ئێمەی دەستەی پشتیوانی لەگەڵیان پشتیوانیان دەکەین. تەمەناش دەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لایەنی بەرپرس حکومەتی عێراقی پێکەوە کە بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەم دۆخە بێنە سەرخەت و وەڵامبدەنەوە بۆ یەکجاریش بێت خەباتی مەدەنی بەرهەمی هەبێت".

"راستی گلەیی تەواومان لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی هەیە کە بەرپرسیارن لەبەردەم مانگرتوواندا" وتەبێژی مامۆستا مانگرتووەکان وا دەڵێ
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×