نەوەی نوێ بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانی سبەینێی هەولێر ڕاگەیاند
  2025-02-08       379       

جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، خۆیان و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، نەک تەنها پشتگیری خۆپیشاندان دەکەن لە هەولێر، بەڵکو بەشداریش دەبن تیایدا.

ئاوێنە: جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاوێنە نێرداوە بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە "وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ و وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، نەک تەنها پشتگیری خۆپیشاندان دەکەین لە هەولێر، بەڵکو بەشداریش دەبین تیایدا".

ئەوەش هاتووە "نەوەی نوێ هیوادارە، هەموو لایەکیش ئاگاداربن، بەتایبەت مامۆستایانی مانگرتوو، کە ئەمە پلانێکی دەسەڵات نەبێت بۆ لەباربردنی ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەیان و داخستنی خێمەکەیان نەبێت لە سلێمانی، کە ماوەیەکە مانیان لە خواردن گرتووەو ئازاریان کێشاوە".

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی جوڵانەوەکە، گرنگە هەروەک چۆن لە سلێمانی نارەزایی و مانگرتن بەردەوامە ئاوها بەردەوام بێت تا مافەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران وەردەگیرێتەوە، هەروەها گرنگیشە بەهەمان شێوە لە هەولێریش خۆپیشاندان و نارەزایی بەردەوام بێت و "ئێمەش پشتیوان و بەشدار دەبین".

هاوکات نەوەی نوێ پێیوایە، ئەم حکومەتەی مافی خەڵک و مووچەخۆران دەخوات حکومەتی پارتی و یەکێتییە و هەردوولا وەک یەک بەرپرسن لە بڕینی قوت و مووچەی مووچەخۆران.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×