ئا: ئاوێنە
رۆژنامەی لا مارسیلیا-ی فەرەنسی بەڕاپۆرتێك یادی كۆچی دوایی شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس دەكاتەوە.
رۆژنامەی لا مارسیلیا لەژمارەی دوێنێیدا ١٩ی ئاب، نیو لاپەڕەی تەرخان كردوە بۆ تیشك خستنە سەر ژیاننامەو گرنگی شیعرو بەرهەمەكانی شێركۆ بێكەسو ئاماژە بەوە دەدات كە شێركۆ لەڕێگەی شیعرو دەقی ئەدەبییەوە كارەساتو روداوەكانی گەلی كوردو وڵاتی كوردستانی بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش گێڕاوەتەوە، بەتایبەتی كارەساتەكانی ئەنفالو جینۆساید كردنو كوشتارو ژەهرباران كردنی هەڵەبجە.
ئەم راپۆرتە لەلایەن دو كوردەوە ئامادەكراوە كە یەكێكیان ئومێد ئاكار-ەو كوردی باكورە، ئەوتریشیان ئارام كەریم-ە كە كوردی باشوری كوردستانە. ئومێدو كە لەسویسرا دەژیو ئارام لەفەرەنسا، بەنیازی بەرهەمهێنانی فلیمێكن لەسەر كارەساتی ئەنفال.