2019-08-20   2614     
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لە ماوەی پێشوودا تەواوی میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە کێشەی پەلاماردانی کچە گۆرانیبێژی کورد ماریا هەورامی لەلایەن مەلایەکەوە سەرقاڵ بوون. دیارە ئەمە یەکەمجار نییە مەلایەکی کورد پەلاماری کەسانی هونەرمەند ، نووسەر، رۆشنبیر دەدات، بەداخەوە وایلێهاتووە ئەوجۆرە کارانە ببنە دیاردەیەکی ئاسایی. لەکاتێکدا کاری سەرەکی پیاوانی ئایینی بەرگریکردن و بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامە، کەچی هەندێک مەلا وتاری ئایینی بۆ هێرشكردنە سەر ئەوکەسانە بەکاردەهێنن کە بە ئارەزووی ئەوان نیین.
لەساڵانی حەفتاکاندا کاتێک روانگە دروستبوو، کە رەوتێکی نوێخوازی ئەدەبی، هەندێک مەلا لە وتاری ئاینیدا، هێرشیان کردە سەر ئەو نووسەر و ئەدیبانەی کە ئەو کارەیان کردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەو بزووتنەوەیە هیچ پەیوەندی بە ئایینەوە نەبوو. لە پاش ڕاپەڕینیشەوە ئەم دیاردەیە زیاتربوو، چونکە ئازادییەکە زۆرتربوو، ئەمەش لەکاتێکدا ئازادی تا ئەوکاتە پیرۆزە، کە تۆ سنووری خەڵكی تر نەبەزێنێت و پەلاماریان نەدەیت، چونکە گەر پەلاماری خەڵکی ترت دا، ئەوا دەبێتە بەڕەڵایی.
لەکاتێکدا رژێمی بەعس سێ هەزار گوندی کوردستانی رووخاند، هەزارانی کوردی ئەنفالکرد،شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکرد، رژێمی تورکیاش زیاتر لە چوار هەزار گوندی لە باکووری کوردستان رووخاندووە، رۆژانە رژێمە وەحشییەکەی ئەردۆغان لە تورکیا پەلاماری کوردستان دەدات، کەچی نە ئەوسا و نە ئێستاش، مەلایەکمان نەبینی فەتوایەک لە دژی چەتەگەریی ئەم رژێمانە بدات، لەکاتێکدا هەر گوندێکی کوردستان نەک مزگەوتێک بگرە هەندیکیان دوو یان سێ مزگەوتی تێدابووە.
دراما و گۆرانییە تورکییەکان چ لەرووی جلوبەرگ و چ لەرووی دەقیشەوە، سنووری نەریت و ئایینیش دەبەزێنن، رۆژانەش لە تیڤییە کوردییەکانەوە پەخش دەکرێن، کەچی تاوەکو ئێستا مەلایەکی کوردمان نەبینی دژی فیلم یان دراما یان کلیپی تورکی بوەستێتەوە. ئەردۆغان کاتێک سەردانی عەفرینی داگیرکراوی کرد، سپیلجان و برایم تاتلیسازی لەگەڵ خۆی بردبوو، لەکاتێکدا ئەم دوو خۆفرۆشە لەتەواوی فیلم و گۆرانییەکانیاندا، دیمەنی شەرمهێنەریان هەیە، ئەردۆغانێک کە لای زۆربەی ئیسلامییەکانی کوردستان بە خەلیفەی موسڵمانان دادەنێن، لەسایەی حکومی ئەودا، یانەی مەیخواردنەوەو لەشفرۆشی و گەشتیاری روو لە زیادبوونە، هەندێک بەناو مەلا و زانای ئایینی کورد لە جیاتی دژایەتی تورکیا بوەستنەوە، کەچی داوا لە خەڵکی دەکەن سەردانی تورکیا بکەن.
کاتێک سەیری کلیپەکەی ماریا هەورامی دەکەیت هیچ دیمەنێکی وروژێنەری تێدا نییە، هەروەها لەرووی دەقیشەوە گۆرانییەکەی فۆلکلۆری کوردستانە، واتە شتەکە تەواو کوردەواریانەیە، لەکاتێکدا تیڤییەکانی تورکیا و وڵاتە عەربییەکان پڕیەتی لە گۆرانی و فیلمی وروژێنەر، کەچی مەلایەکمان لەکوردستاندا نەبینی دژی ئەوان بوەستێتەوە. هەردەڵێیت لە دەرەوە پەیامیان بۆ ناردوون دژی کولتووری کوردی کار بکەن.
لە ساڵانی پێشوودا، زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردستان، لەلایەن مەلایان و زانایانی ئایینی کوردستانەوە پارێزراوە، زۆربەی شاعیرانی کورد، لە تەکیە و مزگەوتەکاندا خوێندوویانە، بەڵام نازانم بۆچی ئێستا هەندێک لە مزگەوتەکان بۆنەتە مۆڵگەی لەناوبردنی کولتوری کوردی.
ئەم دیاردەیە بەڕاستی ترسناکە، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە کە مەلایەکمان لێ پەیدادەبێت و پەلاماری خەڵکی رۆشنبیرو هونەرمەند دەدات، لەکاتێکدا دەبێت پەیامی مەلا و زانایانی ئیسلامی ، پەیامی ئاشتیی و برایەتی و خوداپەرستی بێت، نەک پەیامی شەڕ و ئاژاوە.
لەلایەکی ترەوە هەر ئەم مەلایە لە شوێنێکی تردا بە ئاشكرا دەڵێت: هەر ژنێک بۆن" عەتر" لە خۆی بدات و بچێتە دەرەوە، ئەوا " لەشفرۆشە" واتە ئەم مەلایە زۆربەی ژنانی کورد بە لەشفرۆش سەیر دەکات. ئەمەش لە هیچ وڵاتێکدا نەبووە، مەلایەک زۆربەی ژنانی وڵاتەکە بە لەشفرۆش دابنێت.
خۆشبەختانە ئەمجارەیان بەشێکی زۆری خەڵکی، دژی ئەو مەلایە وەستانەوە، بەڵام پێویستە حکومەتی کوردستان سنوورێک بۆ ئەم پەلاماردان و دیاردە ترسناکە دابنێت، ئەوەش تەنها لە رێگەی یاسا و دادەگاوە دەبێت بکرێت، هەروەها سزای ئەو مەلایانە بدات کە بە ناڕەوا پەلاماری خەڵكی دەدەن، بەتایبەتی ئەم مەلایە، نەک تەنها لەسەر قسە ناشایستەکانی بەرامبەر بە ماریا خانم، بەڵکە لەبەرامبەر ئەو قسە بێسەروبەرانەشی کە بە ژنانی کوردستانی داوە.