لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدادا کێ فریادڕەسی هەرێمە؟

هەڤاڵ عارف
  2026-11-26   

وەک پێشبینی دەکرا دواجار بەغدا دەستی برد بۆ ئەو پرسانەی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پێگە و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

لەم تەوقیتەدا گەڕانەوە بۆ ڕابردو و دوبارەکردنەوەی ئەوەی (ئەگەر وامان بکردایە، ئەمە روی نەدەدا) هیچ لە لێکەوتەو گریمانەکانی ئەم  پێشهاتەی دەرگای پێگرتوین کەم ناکاتەوە، بەڵکو قسەکە ئەوەیە چی لە دەستماندا ماوە بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیە لە هەرحاڵەتێکی نەخوازراوداو  چیمان لەدەست دێت بۆ  مامەڵەکردن لەگەڵ بریارەکانی ئێستای بەغدادا؟

کارتی سیاسی؟ یاسایی؟ دیپلۆماسی؟ بەڵێ هەمو ئەمانە  پێویستن، بەڵام پێش هەمو ئەمانە، کارتێکی گرنگتر هەیە، کە ساڵانێکە لە حیساباتە سیاسییەکاندا بایەخی پێویستی پێ نەدراوە، ئەویش خەڵکە گرفتەکە ئەوە نییە ئایا خەڵک لە کاتی تەنگانەدا بەرگری لە قەوارەکە دەکات یان نا؟ لەهەمو بارودۆخەکاندا کردویانە بەڵام ئەی نابێت قەوارەکەش بەرگری لە گوزەرانی خەڵک بکات؟

ئەمە پرسیارە، بە بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و کارەبا و ئەو هەمو قەیرانە کەڵەکەبوە، چۆن دەمانەوێت خەڵک ئامادە بکەین بۆ قۆناغێکی سەختتر؟ ئەی بۆچی سووککردنی باری سەر شانی هاووڵاتی نەکرێتە بەشێکی سەرەکی لە ستراتیژییەتی نوێی ئەم قۆناغە بۆ پاراستنی هەرێم؟ لەمپەرچیە؟

جا با بێینە سەر مەسەلەی لۆبییەکانمان.

بە درێژایی ساڵانی رابردو هەتا ئێستاش، چەندین ملیۆن دۆلارمان خەرج کردووە بۆ ئەوەی ئەکتەرێک، گۆرانیبێژێک، وەرزشەوانێک، جەنەراڵێکی خانەنشین، یان سیاسییەکی بێ دەسەڵات بێتە کوردستان و بڵێت کوردستان جوانە و خەڵکەکەی میواندۆستن، ئەمە جگە لەو پارەیەی بە ناوی لۆبیکردنەوە خەرج کراوە،
ئێ باشە، ئێستا ئەوانە لە کوێن؟ کەی ئەو لۆبییانە بەکار دێن؟ لەمە تەنگانەتر هەیە؟

لێرەدا مەبەست لە رەتکردنەوەی گرنگی لۆبیکردن نییە، لۆبی لە دونیای سیاسەتدا یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی فشار و بەدەستهێنانی پشتیوانی، بەڵام گرفتەکە لە میکانیزم و بەرئەنجامی ئەو خەرجییانەدایە کە لەو ریگەیەدا کراوە، خۆ ئەگەر تەنیا بەشێک لەو سەرمایەیەی بۆ بەدەستهێنانی دۆستی دەرەکی خەرج کراوە، بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و سووککردنی باری سەرشانی هاوڵاتی تەرخان بکرایە، ئەمڕۆ چ هێزێکی ڕاستەقینەترمان لەبەردەستدا دەبو؟

ئەم بەراوردکارییە بۆ لۆمەکردنی ڕابردو نییە، بەڵکو بۆ ڕاستکردنەوەی ئاڕاستەی ئێستایە، تا چیتر ئەو هێزەی لە ناوخۆدا هەمانە فەرامۆشی نەکەین و لە دەرەوە بەدوایدا بگەڕێین، ئەمە راستییە یەک بەرمیل نەوتی هەرزان بۆ ماڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە لەم زستانەدا لە دەیان وتاری ستایشئامێزی جەنەراڵێکی خانەنشین و کارەکتەرە دەرەکییەکان کاریگەرترە، چونکە ئەوانە بە پارە هاتون بە پارەیەکی زیاتریش لە جیـهەتێکی دیکەوە دەڕۆن، بەڵام هاونیشتمانییەکەی خۆت لێرە دەمێنێتەوە و هەر ئەویش پارێزەری ڕاستەقینەی ئەم خاکەیە، کەواتە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ، بەر لە هەر هەنگاوێکی دیکە، لە ڕازیکردنی خەڵک و چاککردنی گوزەرانیانەوە دەست پێ دەکات.

قسەکردن لەسەر بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ و یەکڕیزی، بە مانای خۆئامادەکردن نییە بۆ پێکدادان لەگەڵ بەغدا، بەڵکو بۆ ئەوەیە، ئەگەر بە پشتیوانی خەڵکێکی ڕازییەوە بچینە سەر مێزی گفتوگۆ،  سەنگ و قورساییەکی دیکەمان دەبێت، بەغداش باش دەبینێت لە ناوخۆدا چی دەگوزەرێت، کاتێک هاووڵاتییان نیگەران و ماندوبن ئەو فشار دەکات و بڕیار دەسەپێنێت.

لە هەمان کاتدا، دەبێت جیاوازی لە نێوان هەستی نەتەوەیی و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی ناکۆکییە سیاسی و دەستورییەکاندا بکرێت، پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان، هەروەک پێویستی بە یەکڕیزی و هەڵوێستی هاوبەش هەیە، بە هەمان ئەندازە پێویستی بە حیکمەت و دوربینیی سیاسی هەیە،  حکومەتی فیدراڵ تاو ئەو شوێنەی پابەندی دەستور و بنەماکانی هاوبەشی بێت، حکومەتی خۆمانە و ئێمەش بەشێکی سەرەکی ئەو سیستەمەین، بۆیە نابێت ناکۆکییەکی دەستووری بگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتی سیاسی و نەتەوەیی، لە کاتێکدا هێشتا دەرفەتی گفتوگۆ و کاراکردنی پێگە و هاوپەیمانییە سیاسییەکانمان لە بەغدا هەیە، خۆ ئەگەر ئاڕاستەی بەغداش بەرەو پەراوێزخستن و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم بێت، ئەوا پێویستە بە هەڵوێستێکی یەکگرتو و بە بەکارهێنانی ئامرازە سیاسی و یاساییەکان بەرگری لەو مافانە بکرێت

بۆ ئێستاش جێگەی دڵخۆشییە، کە بڕیارەکانی بەغدا بونەتە هۆی دروستبونی یەکڕیزی و یەکگوتارییەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستاندا بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم یەکڕیزییە لە وەڵامدانەوەیەکی کاتییەوە بگۆڕدرێت بۆ ستراتیژییەکی درێژخایەن.

​لە نەتیجەدا ئەم قۆناغە پێویستی بە ئەقڵییەتێکی چارەسەرخواز، پێداچوونەوە بە شێوازی حوکمڕانی، چاکسازیی ڕاستەقینە و دورکەوتنەوە لەو گوتارە توندانە هەیە، کە هەر ناکۆکییەک بەرەو پێکدادان ببات، چونکە پاراستنی هەرێم بە بەرزکردنەوەی تۆنی قسەکان نییە، بەڵکو بە بەرزکردنەوەی توانا و دانایی سیاسی و یاسایی و ئاستی حوکمڕانییە، کەواتە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکە ڕوونە، لەبەردەم بڕیارەکانی بەغدادا، فریادڕەسی ڕاستەقینەی هەرێم لە دو بنەمادا خۆی دەبینێتەوە، وەرگرتنی عیبرەتی کرداری لە هەڵەکانی رابردو، پەیڕەوکردنی حیکمەت و دوربینی سیاسی بۆ هەنگاوەکانی ئێستا و داهاتو.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×