ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشێتد پرێس) لە ساڵی ١٨٤٦ دامەزراوە و بابەت و وێنە و ڤیدیۆ پێشکەش بە کۆمەڵێک میدیای ئەمەریکی و بیانی دەکات. ئەم ئاژانسە پتر لە سێ هەزار کەسی کاری تێدا دەکەن و بەپێی داتا و ژمارەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٣٧٥ هەزار وتار و ملیۆنێک و ٢٤٠ هەزار وێنە و ٨٠ هەزار ڤیدیۆی بڵاوکردووەتەوە.
ئەمەریکا: ئازادی ڕادەربڕین لە ئەوروپا لە پاشەکشەیە
ڕۆژی هەینی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا (جەی دی ڤانس) بەشێکی زۆری وتارەکەی لە کردنەوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ڕەخنەگرتن لە ئەوروپا تەرخانکرد و جەختی لەوە کردەوە کە “ئازادی ڕادەربڕین لە ئەوروپا لە پاشەکشەیە". ئاماژەی بەوەشکرد ئیدارەی (دۆنالد ترەمپ) "خەبات دەکات" بۆ "بەرگریکردن" لە ئازادی ڕادەربڕین، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە واشنتۆن، پۆلیسێکی نوێ لە شارەکەدا هەیە." (ڤانس) لەدرێژەی ئەم هێرشکردن و ڕەخنەگرتنە لە ئەوروپا پتر و ڕوونتر قسەکری کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، کە: "ئەو هەڕەشەیەی منی لەهەموو شتێک زیاتر نیگەرانی کردووە، سەبارەت بە ئەوروپا، نە ڕوسیایە، نە چین و نە هیچ لایەنێکی دیکەی دەرەوە ئەوروپایە، نەخێر " ئەوەی نیگەرانی کردووم ئەوەیە، کە ئەوروپا لە هەندێک لە بەها سەرەتاییەکانی پاشەکشەی کردووە". لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ترسم هەیە ئازادی ڕادەربڕین لە بەریتانیا و لە سەرانسەری ئەوروپا بەرەو دابەزین بچێت".
ئازادی ڕادەبڕین و یاسا لە ئەمەریکا
لە ئەمەریکا ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەیەکی پتەو لە دەسەڵاتی سنووردارکردنی حکوومەت بەپێی هەمواری یەکەم و بەشێکی زۆری یاسا و دەستوورەکانی ویڵایەتەکان و یاسا فیدراڵییەکان پارێزراوە.
مافی هەموارکردنی یەکەم بۆ ئازادی قسەکردن نەک هەر زۆربەی سنووردارکردنەکانی حکوومەت لەسەر ناوەڕۆکی قسەکردن و توانای قسەکردن قەدەغە دەکات، بەڵکو مافی وەرگرتنی زانیاریش دەپارێزێت، زۆربەی سنووردارکردنەکانی حکوومەتی قەدەغە کردووە، کە جیاکاری لە نێوان قسەکەرەکاندا دەکات. https://ar.wikipedia.org/wiki/%D8%AD%D8%B1%D9%8A%D8%A9_%
ئێمە دەزانین ئەمەریکا هەر بەتەنیا شانازی بە ئازادی ڕادەربڕین و کرانەوە و لیبرالیەت و چاپ و بڵاوکردنەوە لە نێوەخۆی ناکات، بە پێچەوانە لە سەرتاسەری دونیاش سەرکردایەتی ئەم شێواز و بۆچوون و ئامانجانەش دەکات، کە پەیوەندی بە ئازادی و ڕادەربڕین و ئازادی مرۆڤەوە هەیە.
هەینی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥، ئەو ڕۆژەی (ڤانس) لە کۆنفرانسی میۆشن ڕەخنەی لە ئەوروپا گرت و ترسی خۆی لە پاشەکشەی ئازادی ڕادەربڕین لە ئەوروپا دەربڕی، ڕێک لەم ڕۆژەدا لەنێوەخۆی ئەمەریکا بەنێوبانگترین و مێژوویترین ئاژانسی هەواڵ قەدەغە دەکرێت بۆ وەرگرتنی هەواڵ و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان بچێتە نێو کۆشکی سپی. سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە دا، کە: "سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیدی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس چی دیکە ڕێگەی پێ نادرێت بچێتە نێو ئۆفیسی کارکردن لە کۆشکی سپی و فڕۆکەی سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ)، واتە ئەم ئاژانسە قەدەغەکراوە و نابێت بەشداری هەواڵوەگرتن لەم شوێنانە بکات، ئاگادارکردنەوەکەش تا کاتێکی نادیارە". هۆکاری ئەم بڕیارەش پەیوەستە بەوەی "ئەم ئاژانسە ڕەتیکردنەوەی ناوی (کەنداوی مەکسیک) بە (کەنداوەکانی ئەمەریکا) ناوببات".
بەپێی زانیارییەکان و ئەو هەواڵانەی لەبارەی ئاژانسی هەواڵ بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن "ئاژانسی هەواڵی ئەمەریکی لە ڕۆژی سێشەممەوە ١١-شوباتی ٢٠٢٥ەوە گلەیی لەوە دەکات، کە ڕۆژنامەنووسەکانی ڕێگرییان لێ دەکرێت، ڕووماڵی ڕووداوەکانی کۆشکی سپی بکەن چونکە ڕەتکیردۆتەوە ئەم ناوە نوێیەی، کە سەرۆکی کۆمارییەکان هەڵیبژاردووە بەکار بهێنێت".
(تایلۆر بودۆڤیچ) لە کۆشکی سپی بەپێی زانیاری دەزگاکانی هەواڵ لەنێو ئەمەریکا ڕۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥ بڵاویکردۆتەوە: “ئەسۆشێتد پرێس بەردەوامە لە پشتگوێخستنی گۆڕانکاری لەبارەی ناوی جوگرافیای یاسایی کەنداوی ئەمەریکا” ئەم بەرپرسە لە کۆشکی سپی لەپێناو داکۆکی لە بڕیارەکەیان کە پەیوەندی بە قەدەغەکردنی ئەم ئاژانسەوە هەیە بۆ دەستخستنی زانیاریی، پەنا دەباتە بەر یاسای هەموارکراوی ئەمەریکا و دەڵێت: "بەپێی هەموارکردنی یەکەمی دەستووری ئەمەریکا سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین سەبارەت بە نووسینی ڕاپۆرتی نابەرپرسانە و ناپاکیی کردن لە گواستنەوەی زانیاریی، ماف و ئیمتیاز گەرەنتی ناکات، تاکو بێ سنوور بگەنە شوێنە دیاریکراوەکانی سەرچاوەی هەواڵ، وەک ئۆفیسی ئۆڤاڵ و ئایر فۆرس یەک".
وتەبێژی ئاژانسەکە (لۆرن ئیستۆن) لە بەیاننامەیەکدا، کە ئێوارەی هەینی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە: “ئەو ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر بۆ سنووردارکردنی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی سەرۆکایەتی لەلایەن ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لەبەر ئەوەی ئێمە ئاماژە بە شوێنێکی جوگرافی دوور لە خواستی ئەوان دەکەین ، بەکردەوە پێشێلی ئازادی ڕادەربڕینە، کە بەهاو پێگەیەکی دیموکراسی ئەمەریکایە و بەهایەکی بنەڕەتییە بۆ گەلی ئەمەریکا".
سەبارەت بەهەمان بابەتیش وتەبێژی (واشنتۆن پۆست) گوتی: "دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوەکانی حکوومەت لەلایەن ئەسۆشێتد پرێس بۆ هەموو ڕێکخراوە هەواڵییەکان، لەنێویاندا واشنتۆن پۆست، گرینگە، بۆ ئەوەی ڕۆژانە ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ و لەسەر بنەمای ڕاستییەکان زانیاری بە ملیۆنان ئەمەریکی بگەیەنێت". (Brain Flood, Brooks sngman, fox news, February 14, 2025, White House blocks Associated Press from Oval Office, Air Force One over 'dishonest' Gulf of America reporting
https://www.foxnews.com/media/white-house-blocks-associated-press-from-oval-office-air-force-one-over-dishonest-gulf-america-reporting).
مەسەلەکە چۆنە
وەکو ئاماژەمان پێکرد لە یەک ڕۆژدا کە ئەمەریکا لەبەردەم کۆنفرانسێکی جیهانی ڕەخنە لە ئەوروپا دەگرێت، خۆشی بڕیارێکی تووند کە پێچەوانەی بنەماکانی بڵاوکردنەوە و بەدەستهێنانی زانیاریی و بیروڕای ئازادە دەردەکات و ئاژانسی بەنێو بانگی هەواڵ لە چوونە نێو کۆشکی سپی و هێزی ئاسمانی یەک قەدەغە دەکات و ئەوەی ڕوویدا، ئەوەبوو لەم هەفتەیەدا ڕێگری لە پەیامنێرێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس کراوە، بەشداری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی نێوان (دۆناڵد ترەمپ و نارێندرا مودی) سەرۆک وەزیرانی هیندستان بکات، ئەمەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (جولی پێس) سەرنووسەری ئەسۆشێتد پرێس بە "پێشێلکردنی ئاشکرای هەمواری یەکەم" ناوی بردووە. هەروەها لە یاداشتێکی سەرنووسەری (ئەسۆشێتد پرێس) ڕوونیکردووەتەوە، فەرمانی گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک تەنیا لە ئەمەریکا دەسەڵات پێدراوە، لەکاتێکدا تاکو ئێستاش لەلایەن مەکسیک و وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دانی پێدانەنراوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناوە نوێیەی کە (ترەمپ) هەڵیبژاردووە، ئاژانسەکە هەر بەناوە ئەسڵییەکەی خۆی ئاماژەی پێ دەکات و ناوی دەهێنێت". ئەمەیە کێشەکە.
واتا ئازادی رادەربڕین لە سەرتاسەری دونیا، لەو وڵاتانەی کە شانازی بە دیموکراسییەکەیانەوە دەکەن، ڕۆژنامەگەری و ئازادییەکەی سنووردارە و دەسەڵاتداران بەپێی دەستوور و یاسا، یان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە و لەچوارچێوەی پاساوی هەمەجۆرەوە دەتوانن ئازادی ڕادەربڕین و مافی بەدەستهێنانی زانیاریی و سنووری بەشداربوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن سنووردار بکەن و هێلێکی سووریان بەدەوردا بکێشن.