بۆ ئەو شتانە ناڵێن، کە نەیانکردووە!!

غازی حەسەن
  2024-09-27     201

بەشی هەرە زۆری ئەو لایەنانەی خۆیان لەدەرەوەی دەسەڵات هەژمار دەکەن، بە(یەکێتی)شەوە کە ئاخاوتنەکانی وەکو ئەوەیە پێش ئەوانی دیکە ئۆپۆزسیۆن بێت، باسی ئەو شتانە ناکەن، دەبووایە بیکەن، تەنیا باسی ئەو شتانە دەکەن، کە نەدەبوایە بیکەن و لەساڵانی ڕابردوو کردوویانە و زیانی گەورەشیان بەڕەوشە گشتییەکە گەیاندووە. لەجیاتی بە‌هێزکردنی بەرەی ناڕازییەکان، ئاژاوەیەکی دەروونی ڕووخێنەر و  گوماناویان دروستکردووە. پێم وایە هەر هێز و گروپێک بچێتە نێو بازنەی گوتاری یەکێتی، دەبێتە بەشێک لە مێژوو و بەرپرسیاریەتی تێکشکاوی ئەم لایەنەش.  

گروپە ناحەزەکانی دژ بە دەسەڵات لە جیاتی (بیناکردنی هەرێم و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە بەغدا و گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان و دابینکردنی بوودجە)، شانازی بەوە دەکەن، کە حکوومەت و دەسەڵاتی هەرێمیان لەڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ حەشد و دەسەڵاتی بەغدا ئاوەڕووت کردووە و تەنیا هاووڵاتیانی هەرێمیشیان کردۆتە بارمتەیەکی سیاسی ترسناک و لە داماڵینی هەرێم لە بنەما و هێزی مانەوە بەرپرسیارن، نەک خاوەنی دەستکەوت!  من پێم وایە بەم کارانەیان بۆ هەمیشە هەرێمی کوردستانیان خستۆتە بەردەم تەقینەوەیەکی مەترسیداری بۆمبڕێژکراو.

ئەم گروپانە بە یەکێتیشەوە نەک تەنیا لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ بەڵکو پێشتریش سەنگەرێکی ئاشکرای (کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی هەرێم، بێ ئەلتەرناتیڤ) هەڵبژاردووە و شانازییەوە ڕایان گەیاندووە، کە هەرشتێک پەیوەندیی بە تێکشکاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم و پارتییەوە هەبێت، بە دەستکەوت و ئەرکی خۆیانی دەزانن. لەکاتێکدا باش دەزانن ئەوانە بەتەنیا ناتوانن بێ هاوکاری دەرەکی ئەم ئامانجە بەدی بهێنن، هەڵبژاردن بەشێکە لەم پرۆسەیە.   

گوتاری ئەم لایەنانە لە کردەوەدا گوتاری تێکشکاندنی هەموو بنەما یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە، پاساویشیان بۆ ئەمە ئەوەیە وەکو (قوباد تالەبانی) ئاماژەی پێکرد کۆتایی پێهێنانی (دەسەلاتە!!.. لەکاتێکدا خۆیان تاوانبار و بەشداری ئەم دەسەڵاتەن).

من وەکو چاودێرێک دەپرسم  ئەم لایەنە سیاسیانەی دەیانەوێت زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن، ئەمە مافێکی ڕەوایە، بەڵام لەبەرچی باسی ئەو شتانە ناکەن، کە نەیانکردووە و دەبووایە وەوک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و نیشتمانی لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگ بیانکردبایە. کامە پڕۆژەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیان لەپێناو بەهێزکردن و دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لە قەیرانە جدییەکان ئەنجام داوە؟

لەهەمان کاتدا داوا لە خەڵک دەکەن بچنە دەنگدان، بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی دەسەڵات لەدەسەلاتیش مەبەستیان پارتییە بگۆڕن. ئەم گۆڕانە بەهەر ڕێژەیەک ڕووبدات، ڕێژەی دەنگەکانی دەسەڵاتیش دەچێتە سەرەوە، بەداخەوە گوتاری ئەم لایانە سیاسییانەی وەکو ئۆپۆزیسۆن، یەک لایەنەیە و وەکو کاردانەوە و ڕق دەردەکەوێت. ئەم جۆرە گوتارەش کاریگەریی ساڵانی ڕابردووی نەماوە، وەکو خۆیان دەڵێن دەنگدەر هوشیارە.... !          

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×