لەئەمەریکا کتێب چۆن قەدەغە دەکرێت؟

غازی حەسەن
  2024-08-11     161

لەسەرتاسەری دونیا سانسۆر، ململانێی لەگەڵ وشە و کتێب هەبووە، لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەیان نموونە هەن، ئاماژە بە سانسۆر و سووتان و لەناوبردنی کتێب دەکەن، کە لەکردەوەدا مێژووێکی ڕەشە. لەم سەردەمەشدا قەدەغەکردنی کتێب لە وڵاتە جیاکانی جیهان و لەبەر هۆکاری جیاوازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و فکری و ئەخڵاقی کتێب هەیە. نڤەترین قەدەغەش سڕینەوەی فکر و بۆچوونی جیاوازە.

ئەم قەدەغەکردنە لە وڵاتە هەر دیموکراتەکانیش هەیە. ئەمەریکا سەرکردایەتی جیهان بەناوی دیموکراسی و ئازادی بڵاوکردنەوە و جیاوازی ئایین و بیروباوەڕ و ڕێزگرتنی ڕەگەز جیاواز  چاپ و بڵاوکردنەوە دەکات، لەهەان کاتیشداململانێ و ناکۆکی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری لەنێو ئەم وڵاتە هەیە، گروپ و هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاواز بانگەشەی قەدەغەکردنی کتێب بە پاساوی هەمەجۆر دەکەن.

چ جۆرە کتێبێک لەم وڵاتە قەدەغە دەکرێت، چیرۆکی ئەم ململانێ و ناکۆکیانە (زیندانی و نانبڕین) و هەڕەشەی (سووتاندنی کتێب) و (جیاوازیی و ناکۆکی کەلتووری) تێدایە. بێگومان هەر کردەیەک بەستراوتەوە بە (لۆژیک و ململانێی عەقڵانی فکری و کۆمەڵایەتی) ناچێتە نێو (کردەی وەبەرههێنانی ئاژاوە).

 لە ئەمەریکا هەنووکە ئەم بابەتە بڵاوە و هەواڵی ململانێ و ناکۆکییەکان لەبارەی کەلتووری (خوێندنەوەی کتێبی سێکسی و ڕوت لە قوتابخانەکان) هەیە و دواتر نموونە دەهێنمەوە، بەڵام (ئاژاوەی تێدا نییە، چونکە گفتوگۆ و لێکدانەوەکان و بڕیارەکان) بەستراونەتەوە بەپێشینەی لۆژیک و گوتارێکی بەرهەمهێنی پەیوەست بە (دابینکردنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە)ی پێوە بەستراوەتەوە. هەر تەنیا سیاسییەکان گفتوگۆی لەبارەی ئەم بابەتە هەستیار و کاریگەرە ناکەن، خێزان و تاک و کۆمەڵگەش ئامادەی گفتوگۆیە، ئەم گفتوگۆیە ڕەوشەکەی بەرەو ئارامی و دوور کەوتنەوە لە (ئاژاوە و توندبیرکردنەوەی) دەبات. پێچەوانەی ڕۆژهەڵات لەبەر ئەوەی بەکردەوە (گفتوگۆ) ئامادە نییە، یان (گفتوگۆکان دەستکردن و بۆ شاردنەوەی تووڕەییە) بەئاسانی (ئاژاوە دەست پێ دەکات، ئاژاوە بەپێی وەسفی دەسەڵاتداران و شۆڕش و ڕێگرتن لە سانسۆر و چاکسازیی بە پێی گوزارشتی کۆمەڵگە).  

 

کۆمارییەکان کتێب سانسۆر دەکەن

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میدیای ئەمەریکی بڵاوکراونەتەوە "کۆمارییەکان لەئەنجوومەنی پیران کتێبە (ڕووتەکان/ سێکسی) دەکەنە ئامانج و دەیانەوێت لە کتێبخانەی قوتابخانەکان لاببرێن و سانسۆر بکرێن. ئەمە ئەو زانیاریانەیە (ئاریانا فیگوێروا) لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بڵاوی کردۆتەوە و لە درێژەی ئەم باسە دەڵێت: ئەو کتێبە قەدەغەکراوانە کە لە واشنتن دی سی نمایش دەکرێن و کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە کۆنگرێس لەبارەی سانسۆر و قەدەغەکردنی هەندێک کتێب کە نێوەڕۆکیان ئاماژە بە بابەتی ڕووت دەکات لە کتێبخانەی قوتابخانە حکوومییەکان دابەشی دوو بۆچوونی جیاواز بوون.  

 

دیموکراتەکان داکۆی لەم کتێبانە دەکەن

کۆمارییەکان لەگەڵ ئەوەن ئەم جۆرە کتێبانە لاببرێن و دیموکراتەکانیش ڕاشکاوانە دەڵێن ئەمە شەڕی کەلتوورییە و ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ قەدەغەکردنی کتێب. کۆمارییەکان یێژن ئەمە قەدەغەکردن نییە، بەڵکو لە کتێبخانەی قوتابخانەکان لادەبرێن، بەڵام دەتوانرێت لەشوێنی دیکەدا بکڕدرێن. واتە مەبەستیان ئەوەیە تەنیا لە قوتابخانەکان لەژیر دەستی قوتابی نەبێت.

سیاسییەکانی سەر بە (ماگا) بانگەشەی یاسای سانسۆر دەکەن، بەو بیناوەی ئەمە دەبێتە ڕێزگرتن لە مافی دایک و باوک.

 

١٤٠٦ کتێب قەدەغە کراوە

 لە بەرنامەیەکدا (سۆزان بۆمانیچی) لە (ئۆریگۆن) ئاماژەی بەوە کرد "قەدەغەکردنی ئەم چەشنە کتێبانە پتر لە فلۆریدا ڕوویداوە، لەکاڤێکدا (ئارۆن بین)ی نوێنەری کۆمارییەکان ڕاشکاوانە گوتیەتی ئێمە لە هەر ویڵایەتێک بین، هانی دایک و باوکان دەدەین لە کۆبوونەوەکاندا بەگژ ئەم کتێبانەدا بچنەوە کە نێوەڕۆکیان بابەتی (ڕووت و سێکسی) لەخۆگرتووە. بۆ خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ پتر لە ٪٤٠ی ئەمەریکییەکان لەگەڵ قەدەغەکردنی ئەم جۆرە کتێبانە بوون. بەپێی ڕاپۆرتێکی ( America   PEN)  ئەم گروپە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی قەدەغەکردنی کتێب، ١٤٠٦ کتێب قەدەغەکراون.

(بین) نوێنەری کۆمارییەکان نایشارێتەوە ئەم کتێبانە قەدەغە نەکراون، دەتوانی لە ئەمازۆن بیانکڕی و بۆ ڕۆژی دوایی لە ماڵەكەتدا بەردەستە. ئەمانە کتێبی نەشیاون و لەکتێبخانەی قوتابخانەکاندا هەیە، ناوەڕۆکیان ئاماژە بە بابەتی ڕووت دەکات.  دەبێژێت زۆربەی کتێبە قەدەغەکراوەکان بە فراوانی لە ئەمازۆن بەدەست دەکەون.

بەپێی ئەو زانیارییە فەرمیانەی بڵاوکراونەتەوە لە چەند ساڵی بووری شەپۆڵێکی بێوێنەی قەدەغەکردنی کتێب و سانسۆر لەنێو ویڵایەتە جیاوازەکانی ئەمەریکا ڕوویداوە، ئەمەش بە هاندانی دایک و باوکان و گروپە ڕاستڕەوەکان بووە.

 

سانسۆر چەند ساڵێکە فراوانتر بووە

(جۆناسان فریدمان) بەڕێوەبەری ڕادەربڕینی ئازاد  و بەرنامەکانی پەروەردە لە (PEN America)  دەڵێت "دەتوانم بڵێم ئەم سانسۆر و قەدەغەکردنە تەنیا لەسێ ساڵی بووری دەستی پێکردووە و شتەکان گۆڕان و بزووتنەوەیەک بۆ هاندانی خەڵک لەپێناو سانسۆری زانیاریی و شتە هزرییەکان دەستی پێکردووە، یەکێک لەم گروپانەی ئەم کارانە دەکات (لیندسی سیمس)ە سەرۆکی بەشی دایکان لە ناوچەی (مۆنتگۆمێزی لە ویڵایەتی مێریلاند) و سەر بە کۆمارییەکانە. دوو لەو کتێبانەی کۆمارییەکان سەرنجیان لەسەری چڕ کردۆتەوە کتێبی (هەموو کوڕان شین نین/  نووسینی جۆرج جێم جۆنسۆن) و کتێبی (جێندەر کەیر/ نووسینی مایا کۆبابی)ە. کتێبەکەی (جۆنسۆن) ئاماژە بەوە دەکات وەکو کەسێکی ڕەشپێست چۆن لە نیوجەرسی و ڤەرجینیا گەورە بووە و باسی خۆشەویستی دەکات و لەبەشێکی کتێبەکەی ئاماژە بەوە دەکات، چۆن لەلایەن یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکەی لە زارۆیی دەستدرێژی سێسکی کراوەتە سەر. کتێبەکەی دیکەش لەبەر ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە ئاماژەی بۆ سێکسی دەم و ددان تێدایە.

https://marylandmatters.org/2023/10/21/u-s-house-republicans-target-explicit-books-in-school-libraries/

 

١٤ کتێب لە ڤەرجینیا لا دەبرێت

لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٢٣دا سەربارەت بە ١٤ کتێب، کە هەمان ناوەڕۆکیان هەبووە قەدەغەکراون. قسەکردن لەبارەی کتێبخانەکانی قوتابخانەی ناوچەی (سپۆتسیلڤانیا لە شاری فرێدریکسبێرگی ویڵایەتی ڤێرجینیا). (تۆنی کینێت) کە ستووننووسی ڕۆژنامەی دەیلی سیگناڵە و پێشکەشکارێکی ڕادیۆیە لە کەناڵی WIBC لە شاری ئیندیاناپۆلیس. دەبێژێت: "سەرپەرشتیاری نوێی خوێندنگەکانی ڤێرجینیا بڕیاریدا ١٤ کتێبی سێکسی لە کتێبخانەکانی قوتابخانەکان لاببات و بیبەخشێتە سیستەمی کتێبخانەی گشتی حکوومەتی خۆجێی. ئەو ڕۆمان و کتێبانەی بۆ گەنجان نووسراون و قەدەغەکراون بریتین لە:

“All Boys Aren’t Blue: A Memoir-Manifesto” by George Johnson

“Like a Love Story” by Abdi Nazemian

“Dime” by E. R. Frank

“Sold” by Patricia McCormick

“Out of Darkness” by Ashley Hope Perez

“Beloved” by Toni Morrison

“America” by E. R. Frank

“Looking for Alaska” by John Green

“The Perks of Being a Wallflower” by Stephen Chbosky

“Water for Elephants” by Sarah Gruen 

“Neanderthal Opens the Door to the Universe” by Preston Norton

“More Happy Than Not” by Adam Silvera

“The Bluest Eye” by Toni Morrison

“Nineteen Minutes” by Jodi Picoult   

لەم کتێبانەدا دیمەن و ئاخاوتن و وێنە و گێڕانەوەی هەمەجۆری تێدایە کە کاریگەریی لەسەر هەستی سێکسی لای منداڵان دروست دەکات، بۆیە خانەوادەی ئەم ناوچانە ناڕازیبوون و ڕاپۆرتیان لەبارەی نێوەڕۆکی کتێبەکان پێشکەش بە بەرپرسانی پەروەردە و قوتابخانە کردووە. 

https://www.dailysignal.com/2023/03/29/virginia-school-district-removes-14-sexually-explicit-books/

 

جەنگی کەلتوور

(ڕاندی واینگارتن) سەرۆکی فیدراسیۆنی مامۆستایانی ئەمریکیی، کە دووەم گەورەترین سەندیکای مامۆستایانە، ئەم قەدەغەکردنانە بە "جەنگی کەلتووری ناو دەبات و پێی وایە ئەم سانسۆر و هەلمەتانە بەپلەی یەکەم بۆ ئەوە دانراوە کۆنەپەرستان بەشداری بکەن".  (واینگارتن) بەرگریی لە ڕۆمانی گرافیکی (گەنجی پێگەیشتوو) دەکات، کە وێناکردنی منداڵێک لەخۆدەگرێت سێکسی دەم و ددان دەکات لەگەڵ پیاوێکی بەساڵاچوو.

کۆمارییەکانی تۆمەتبار کرد بە قەدەغەکردنی کتێب و هەروەها ئەوانی بە هۆکاری وازهێنان و بەجێهیشتنی ژمارەیەک مامۆستا لە پیشەکەیان  دانا. (یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمەریکا) لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢دا سکاڵای یاسایی لە دژی  خوێندنگەکانی ناوچەی (وێنتزڤیل لە ویڵایەتی میزۆری) تۆمارکرد، چونکە کتێبی “شینترین چاو”ی (مۆریسۆن) لە کتێبخانەکان لادرابوو. مانگێک لە پاش ئەم سکالایە دەستەی قوتابخانەی (وێنتزڤیل) دەنگی بۆ گەڕاندنەوەی ڕۆمانەکە دا.

پێشتر قوتابخانەکانی ئەم ناوچەیە زیاتر لە ٣٠٠ کتێبیان قەدەغەکردبوو و لە کتێبخانەکانیان لابردبوو. ئەمەش دوای ئەوە هاتووە، کە ئەنجوومەنی یاسادانانی میزۆری پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد و بڕیاردرا کتێبی سێکسی لە قوتابخانەکان قەدەغە بکرێت.

https://www.dailysignal.com/2023/03/29/virginia-school-district-removes-14-sexually-explicit-books/

چیرۆکی بیرکردنەوە لە قەدەغەکردنی کتێب و ڕێگەپێدانی جۆرە بەرهەمێک کە پەیوەندی بە (بابەتی ڕووت و سێکسەوە) هەیە، درێژەی هەیە. وەکو گوتمان گفتوگۆیەکی کەلتووری و سیاسی و یاسایی لەچوارچێوەی (خانەوادە و قوتابخانە و حکوومەت) دەکرێت، گفتوگۆیەکی عەقڵانی مەعریفییە، دوورە لە ئاژاوە، هەرچەندە لەژێر هەژموونی سیاسیش دایە. (کۆمارییەکان) دژی بوونی ئەم جۆرە کتێبانەن لە قوتابخانەکان و (دیموکراتەکانیش) بە ئاسایی دەزانن و پێیان وایە ئەمە بەشێکە لەململانێ کەلتووری و ئاساییە لە کتێبخانەکانی قوتابخانە حکوومییەکان دابنرێن. 

 

تکساس ٥٠ کتێب قەدەغە دەکات

لە ویڵایەتی تکساس ٥٠ کتێب خراونتە نێو لیستی کتێبە بڤەکان، دایک و باوکی قوتابییەکان دەیانەوێت لە قوتابخانە قەدەغە بکرێن. ناونیشانەکانیان پەیوەندییان بە بابەتی ڕەگەزپەرستی، ڕەگەز یان سێکسەوە هەیە. (مایک هیکنبۆگ) لە کەناڵی (ئێن بی سی) لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ گوتیەتی: "دایک و باوکە کۆنەپەرستەکان لە چەند مانگی ڕابردوو لەکۆبوونەوەکانی دەستەی قوتابخانەکانی ویڵایەتی تەکساس و سەرتاسەری وڵات داوای لابردنی ئەو کتێبانەی نێو کتێبخانەکانی قوتابخانەیان کردووە، کە باس لە ڕەگەز، ڕەگەزپەرستی، سێکس، سێکس دەکەن. هەندێک لە دایک و باوکەکان هەنگاوێکی زیاتریان هاویشتووە و نامایەکی داواکاریان پڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی بە گونجاوی کتێبی کتێبخانەکان بژمێردێن و وردبینیان بۆ بکرێت و کارگێڕانی قوتابخانەکان ناچار دەکەن پێداچوونەوە بەم لیستانە بکەن. بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە ئەمەریکییە لە ١٠٠ ناوچەدا هیوستن، دالاس، سان ئەنتۆنیۆ و ئۆستن داوایان کردووە ئەم کتێبانە قەدەغە بکرێن دوو ساڵ پێش ئێستا ٨٦ داواکاری فەرمی بۆ لابردنی کتێب لە کتێبخانەکاندا پێشکەش کراوە.

https://www.nbcnews.com/news/us-news/texas-library-books-banned-schools-rcna12986

 

یاسا و قەدەغەکردنی کتێب

(مادیسۆن فیتزجێراڵد) لە ١٩ی حوزەریانی ٢٠٢٣   ئاماژە بەو دەکات ، کە لە ویڵایەتی ڤەرجینیا یاسایەکی نوێ پەسندکراوە و داوا لە قوتابخانەکان دەکات دایک و باوک ئاگادار بکەنەوە کاتێک کەرەستەی سێکسی لە پۆلدا بەکاردەهێنرێت. هەندێک کەس لە ناوچەکاندا ئەو یاسایە وەک بنەمایەکی شەرعی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی پتر بەرەو پێش هەنگاو بنێن لەپێناو قەدەغەکردنی تەواوی هەندێک کتێب لە قوتابخانەکان. داواکارانی قەدەغەکردنی کتێب لە سەرانسەری ویڵایەتەکە گەلێک جار ئاماژە بە یاسای ڤێرجینیا دەکەن، کە (پار  ٢٠٢٢) لەلایەن حکوومەتی کۆمارییەکان واژۆکراوە. سیناتۆری کۆمارییەکانی ویڵایەتی ڤێرجینیا (سیۆبان دوناڤانت) کە کاتی خۆی ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشکەش کردووە، گوتیەتی هەرگیز مەبەست لە یاساکە، ئەوە نەبووە ببێتە بیانوویەک بۆ قەدەغەکردنی کتێب لە کتێبخانەکانی قوتابخانەکان و لەسەر ڕەفەکانی پۆلەکان لاببرین.

https://www.edweek.org/teaching-learning/school-districts-struggle-to-implement-new-laws-on-sexually-explicit-books/2023/06

 

لەشوێنێکی دیکە ئازادە

بەپێی ڕاپۆرتێکی (دامیان فیشەر ئیمەیڵ) لە ١٥ی ئازاری ٢٠٢٣ بڵاوبۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ویڵایەتی ( هامپشایر) ئەم جۆرە کتێبانە و ئەوانەی وێنەی ڕووتی ئابڕووبەرانەیان تێدایە لەسەر ڕەف و کتێبخانەکانی قوتابخانە ناوەندییەکان  بەئاشکرا دەست دەکەون و  قەدەغە نین، هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕەکانی قوتابخانەکان ئەم چەشنە کتێبانە دەست بخرێن.

 (ڕۆن دیسانتیس) وەکو حکوومەتی فلۆریدا نیشانی دا، مەسەلەکە ئەوەیە و کتێبەکان ئەوەندە گرافیکن، وێنەکانیان ناتوانرێت لە تەلەفزیۆنەکان پەخش بکرێن، یان لە ڕۆژنامەیەکی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبکرێنەوە. (دیسانتیس) لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە یاسا نوێیەکەی ویڵایەتەکەی لە ڤیدیۆیەکیدا، کە وێنەی ئەو کتێبانەی تێدابوو، کە وەکو کتێبی قەدەغەکراوی قوتابخانەکان باسیان دەکرێت. ئەو ئاماژە دەکات ئەو کتێبانە بڤەن، کە "زمانێکی ئاشکرا، یان وێنەی کۆئەندامی زاوزێی نێر و مێ، کردەوەی سێکسی جیاوازی تێدایە و لەحاڵەتێکدا ڕێنمایی سەبارەت بە دەستدرێژی سێکسی نیشان دەدەن" قەدەغەن.

https://nhjournal.com/sexually-explicit-books-are-available-in-nh-middle-schools/

ئەم بابەتە یەکێکە لەو باسە گرنگانەی ئەمڕۆ لەنێو کۆمەڵگەی ئەمەریکا لەبواری پەروەردە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی شیرازەی خانەوادە و خۆدوورگرتن لە کێشەی هاوڕەگەزبازیی و کردەی سێسکی کە دەبێتە هاندەر بۆ توندوتیژی. لە زۆبەری ویڵایەتەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هەندێک ئەم سانسۆر و قەدەغەکردنە دەبەستنەوە بەکەلتووری کۆمەڵایەتی و مافی تاک، هەشە ئەمە بە مەترسی دەزانێت، بۆیە داوای لادان و قەدەغەکردنیان لە کتێبخانەی قوتابخانەکان دەکەن.

لەم گفتوگۆیە فراوانەدا دایک و باوک و خانەوادە و قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان و کەلتوورییەکان و گروپەکانی داکۆکی لە ئازادی دەربڕین بەشداری دەکەن، بەڵام ئەمە وەکو بابەتێکی مەترسیداری سەر کۆمەڵگە وەسف ناکەن، تەنیا ئەو شتانە دەخەنە ڕوو کە مەترسین، یان مافێکی ئاسایی تاکە بۆ ئەوەی ئەم چەشنە کتێبانە وەکو بابەتێکی ڕۆشنبیریی و کەلتووری بەکاربهێنن.

 

پوختەی قسە:

یەکەم: گوتاری ئەم گفتوگۆیە ئەوە نیشان دەدات، کە بیروبۆچوونی جیاواز لەبارەی بەکارهێنانی کتێب لە نێو کۆمەڵگە و قوتابخانە بەتایبەتی هەیە، گفتوگۆکان پشت بە لۆژیک و عەقڵ و لێکدانەوەی جیاواز دەبەستن. گوتاری گفتوگۆ لە جیاتی گوتاری ڕەتکردنەوە و توندوتیژانە بەکاردێت.

دووەم: قەدەغەکردنی کتێب لە سەردەمی گلۆبالیزم و کرانەوە و دیموکرسی لەژێر ناو و پاساوی هەمەجۆر درێژەی هەیە. کتێب قەدەغەکردن لە زۆر وڵاتدا هەیە، هەر یەکەشیان پەنا وەبەر هۆکار و شێواز و ئامانجێکی جیاواز دەبەن.

سێیەم: گوتاری کۆمەڵایەتی و کەلتووری ڕەنگدانەوەی لەنێو کردە و ڕەفتاری گروپ و لایەنەکان هەیە، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی بڕیار لەبارەی کتێب.

چوارەم: لەهەندێک ویڵایەت چارەسەری گوتاری قەدەغەکردنی کتێب بە بڕیاری یاسایی دەبەستنەوە و هەنگاو بەرەو دەرکردنی یاسا بۆ لابردنی کتێب لە کتێبخانەی قوتابخانەکان دەبەن. لەهەمان کاتدا هێزێکی دیکە ئەم شێوازی چارەسەرە ڕەت دەکاتەوە.

پێنجەم: گوتاری میدیای ئەمەریکا کێشەکە دەبەستێتەوە بە بیرکردنەوەی (کۆنەپەرستانە و مۆدێرن)، واتە (کۆمارییەکان و دیموکراتەکان)، کە لەکردەوەدا ئەمە گوتارێکی فکری سیاسییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×