ئایا ئەمەریکا پێویستی بە حزب و حزابەیەتی هەیە؟

غازی حەسەن
  2024-02-22     328

لە دوو هەفتەی ڕابردوو لە گفتوگۆیەکی پێچەوانەبیر لە گۆڤاری (نیوزویک)ی ئەمەریکا دوو بۆچوونی دژ بەیەک و ناکۆک بڵاکرایەوە و بە پرسیارێک دەست پێ دەکات و دەپرسێت: ئایا لە ئەمەریکا حزبایەتی پێویستە؟.

ڕەنگە ئەم پرسیارە پەیوەندی بە خڕ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گروپ و پێکهاتە و دەوڵەت و سیستەمە ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکان و فکری سیاسی و شێوازی کاری سیاسەتیشەوە هەبێت.

(دێڤید فەریس) پرۆفیسۆر لە زانکۆی رووسەلڤت ئاماژە بە ململانێی نێوان (بایدن و ترەمپ) دەکات و دەپرسێت ئایا حزبایەتی بە مانای بەدڕەوشتی دێت و لەدرێژەی بۆچوونەکانی دەڵێت: حزبایەتی تەنیا کارێکی خۆبەخشی پەیوەست بەئامانج و بیروبۆچوونی حزبێکی سیاسی نییە. حزبایەتی بە هیچ شێوەیەک شتی نائاسایی و ژەهراوی تێدا نییە و لەکاتێکدا پسپۆرانی دروستکردنی دەستوور، کە بە دوژمنایەتی حزباتەی بەناوبانگن، دەرکەوت بەشێوەیەکی گشتی سەبارەت بەڕۆڵی ئەم ڕێکخراوانە هەڵەبوون، نەک تەنیا لەسیاسەتی ئەمەریکادا بەڵکو لەبارەی دیموکراسییەتی سەرتاسەری دونیاش هەڵەبوون، هەریەکە لە (ڕوسل مویرهێد و نانسی ڕۆزنبلوم)ی زانا و پسپۆرانی بواری سیاسیەت ئاماژەیان بە حزبایەتی کردووە و پێناسەیان کردووە و بەوەی "توخمێکی دەرخەرە بۆ ناساندنی هاووڵاتیبوونی باش". ئەمەشیان بەستاوەتەوە بە "پابەندبوون بە فرەیی، داننان بە شەرعیەتی دژایەتی و ململانێ" و "پابەندبوون بە یاساکانی ڕکابەریی ڕێکخراو".

لە بەرانبەر ئەم لێکدانەوەشدا، کە پێچەوانەوە بیرۆکە و بۆچوونەکانی (دێڤید)ە، (ویلەم کوپەر)ی نووسەریش ڕاشکاوانە دەبێژێت: کێشەی سەرەکی بیرکردنەوەی حزبی ئەوەیە، نادروست و هەڵەیە و بەبێ گوێدانە ئەوەی لە چ هۆزێکەوە هاتووە کار دەکات. ئەمەش لەسەرتاپای کاری سیاسیدا دەبێتە هۆی گەمژەییەکی گەورە، وەک ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت، کە سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما لە کینیا لەدایک بووە، یان سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هاوپەیمانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیادا هەبووە.

بینین بەچاویلکەی حزبی لەکردەوەدا دژە بەرهەمە، ئەگەر ئامانجت لێکدانەوەی وردی جیهان بێت، بۆ نموونە گەر پێت وابێت لە کردەوەیەکدا تەنیا نەتەوە و گروپە سیاسییەکەی خۆت لەڕووی ئەزموونی بەکردەوە ڕاستە، لە دۆخێکی وەهادا زوومەکەی ئەم چاویلکە حزبییە زیادەیە. ئەگەر هۆزەکەشت لە ڕووی ئەزموونەوە هەڵە بێت، لەم دۆخەشدا زوومەکەی بەشێوەیەکی دیکە شێواوە.

لەوەسفی حزبایەتی لە کۆمەڵگەی سیاسی ئەمەریکادا (پۆپەر) دەڵێت: دژە حزبی بوون ڕێگایەکی ڕۆشتنە. حوکمدانی هەڵەی حزبی زیاترە لەوەی تەنیا بابەتێکی دەروونی سەرنجڕاکێش، یان پرسیارێکی ئەکادیمی هاندەر بێت. سەپاندنی ئایدیۆلۆژیایەک وەک شتێکی فەرزکراو بەسەر دەرەنجامە هەڵەکانە لەجیهاندا، هەرگیز بە باشی بەڕێوە ناچێت، بە تایبەت لە دیموکراسییەکی نوێنەرایەتیدا زۆرجار ڕای گشتی سیاسەت وەکو فەرهەنگ جێبەجێ دەکات. پێویستە بنەمای فیکریی حکوومەت، بنەمایەکی تەندروست بێت بۆ ئەوەی بە باشی کار بکات. کاری حزبی و شێوازی حزبایەتی لە ئەمەریکادا لەچەندین هەڵە و شکستی بەرچاوی سیاسەتی گشتی بەشدار بووە.

(دەڤید فەریس) لەبارەی حزبایەتی و کاریگەریی لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵگە و بڕیارەکاندا دەڵێت: کێشەکە لە ئەمەریکادا بەجۆرێکە، ئەو کێشەیە هەموو ڕۆژێک بەشێوەیەکی مەجازی نمایش دەکرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەر توانا و پێگەی کۆنگرێس هەیە. ئەوەنییە حزبایەتی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکە و سیاسەتانەی کە باوەڕیان پێیەتی، لەهەمان کاتدا ناتوانن بیشارنەوە ئەوان لەوەش دەگەن، کە سیستەمی سازشکردن لەپێناو بەڕێوەبردنی حکوومەتی ئەمەریکا کارێکی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین زۆربەی ئەرک و شتەکانیان ئەنجام بدەن، حزب چییەکان بەزۆری حزبەکەیان لەپێش هەموو شتێکەوە دادەنێن.

تەنیا سەیری هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ بکەن: پیاوێک هەوڵی ڕووخاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەدات و خەریکە لەگەڵ کابرای دیکە یەک دەگرێتەوە، کە کێشەی تەواوکردنی ڕستەیەکی درێژتر لە چەند وشەیەکی هەیە. بەهۆی هێزی حزبایەتییەوە هەر لایەنێک پێی وایە بەڕاستی نوێنەرەکەیان کەسێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوەیە سیاسەتی ئەمەریکا چۆن پتر حزبایەتی  بەستراوەتەوە.

ئەمەی سەرەوە بۆچوونی دوو نووسەر و پسپۆرە، لەبارەی کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی حزب لەنێو کایەی سیاسی لە ئەمەریکادا. منیش پێم وایە ئەمەی سیستەمی دیموکراسی ئەمەریکای لە وڵاتەکانی دیکە جیاکردۆتەوە، چۆنیەتی ململانێ و ڕکابەری سیاسییە لەنێو حزبەکان و هەروەها لەنێو خودی حزبەکان لە کاتی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران و سەرۆکی وڵات و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، بەڵام لەم چوار ساڵەی دوایدا خەریکە ململانێکان ئاراستەی دیکە وەردەگرن و هێزی حزب وەکو بزوێنەرێکی نیمچە نەرێنی خەریکە دەچێتە نێو هەموو کایە جیاکان.

فشارە ئاشکراکانی دیموکراتەکان دژی (دۆنالد ترەمپ) هێندە زەقە، هیچ کەسێک و ناوەندێکی توێژینەوەی ستراتیژی و ڕاگەیاندن و سیاسی ناتوانێت ئەم ڕاستییە بشارێتەوە، کە ئەوەی ڕوو دەدات بریتییە لە ململانێ و فشاری حزبی لەپێناو فڕێدانە دەرەوەی ترەمپ و لێ سەندنەوەی مافی خۆ کاندێدکردنی بۆ خوڵی ٢٠٢٤ی سەرۆکایەتی وڵات. لەهەمان کاتدا کۆمارییەکانیش پتر لە جاران وەکو کاردانەوەی حزبی هەموو دەسەڵات و پێگەیەکی سیاسی و نوێنەرایەتی و فشارە هەمەجۆرەکان بەکار دەهێنن، بۆ سوکردنی پێگەی (جۆ بایدن) و پێناسەکردنی وەکو کەسێکی بەتەمەنی کەم توانا و تووشبوو بەنەخۆشی لەبیرچوونەوە. ئەم ناکۆکیانە هێندە بەزەقی حزبایەتیان پێوە دیارە، ڕەنگە کەم جار لە مێژووی سیاسی ئەمەریکادا هێندەی ئێستا ڕەوشە سیاسییە گشتییەکە و دیموکراسیەتی نوێنەرایەتی و هەڵبژاردن کەوتبێتە نێو بازنەی حزبایەتی و گومان و پێداچوونەوە.

لەڕاستیدا لەسەردەمی سۆڤیەتی پێشوو و دەسەڵاتی کۆمۆنیستی و دابەشبوونی دونیا بۆ سەر دوو جیهانی سۆسیالسیتی و سەرمایەداری حزبایەتی و ڕێکخستن و ئایدۆلۆژیای حزبی دابەشی سەر ئەم دوو جیهانە ناکۆک و دژ بەیەکە بوو بوو. پرسیاری هەنووکەی بەردەم زۆر لە کۆمەڵگە جیاکانی دونیا ئەوەیە، ئایا لە ئەگەری دابەشبوونەوەی سەر لەنوێی جیهان بەسەر دوو، یان پتر لە دوو هێز و ناوچە و زلهێزی دونیا، حزبایەتیش بەهەمان شێوە دەمێنێتەوە، بێگومان لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک، شێواز و تەکنیک و مەرامی حزبایەتیش دەگۆڕێت و پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە.

ئەمەریکا لەبەردەم ژمارەیەک ئەگەر و پرسیاری جدییە، ئایا ترەمپیزم بۆتە فەلسەفە و ڕێگە و شێوازێکی تایبەت و  نوێی ئەمەریکیی بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردن و ڕێکخستن و دیموکراسیەتی نوێنەرایەتی و حزبایەتی لەنێو خودی ئەمەریکا؟ ئایا بەڕاستی ترەمپیزم وەکو شێوازێک و تەکنیکێکی فکری و سیاسی کاریگەریی لەسەر ڕاگەیاندن و ژیانی سیاسی و سیاسەتکردن لە جیهان هەبووە؟ ئایا هەموو ئەندام و نوێنەرەکانی خودی حزبی کۆماری لە ئەمەریکا بەم شێوازە ڕازین و پاڵپشی ترەمپیزم دەکەن، یان لەنێو خۆشیاندا ناکۆکن و ترسیان لەگۆڕانکاریی و شێوازی کارکردنی دۆنالد ترەمپ هەیە؟  لەبەرانبەر ئەوانیشدا ئایا دیموکراتەکان دەتوانن لەپێگە و هێزی دەسەڵات و جەماوەریی خۆیان بمێننەوە، بێ ئەوەی خۆیان لە ترەمپیزم و نوێبوونەوە بپارێزن؟ ئایا ڕێگاکانی خۆ پارێزییان چییە؟

گریمانەکان و پێشگریمانەکان زۆرن، هەر کاتێک کۆمەڵگە هەنگاو بەرەو نوێبوونەوە دەنێت، حزبایەتیش پێویستی بە گۆڕانکاریی و نوێبوونەوە دەبێت. حزب لەپێناو چاککردنی کێشەکان و پێشکەشکردنی بەرنامەی فکری و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی خەبات دەکات، نەک بەپێچەوانەوە کێشەکان حزب چاک بکەن. لەهەنگاوی یەکەم حزب دەستپێشخەر و پێشنەگ دەبێت، لەوەی دووەمیشیاندا حزب دوا دەکەوێت و ئیرادەی بڕیاری لاواز دەبێت.

پێشکەوتنی سیاسی هەر کۆمەڵگەیەک و زیندوویی فکری لەوە دایە، وەکو ئەوەی لە ئەمەریکا و لە نێو گۆڤاری (نیوزویک) گفتوگۆی لەسەرکراوە، ئەوەیە ئایا حزبایەتی پێویستە بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر کێشەکان و ململانێ و ڕووداوەکان هەبێت، یان  لەبنەڕەتدا پێویستییەکانی بوونی حزب لەنێو کۆمەڵگە نەماوە؟!.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×